لە ساڵوەگەڕیی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا پێویستە كورد چی بكات؟

:: PM:11:11:14/04/2024 ‌

لە ساڵوەگەڕیی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا حزب و لایەنە كوردستانییان پێیان وایە هێزە سیاسییەكانی كورد لەبەردەم بەرپرسیارەتییەكی گەورەدان، داوا دەكەن گەلی كورد و هەموو حزبەكان یەك بگرن، بۆ ئەوەی چیتر دوژمنان نەتوانن ئەو ستەمەیان بەرانبەر بكەنەوە، دووپات لەوەش دەكەنەوە كە پێویستە عێراق قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ئەنفال بكاتەوە.

سوبحی مەهدی، گوتەبێژی حزبی شیوعیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە 36مین ساڵوەگەڕیی شاڵاوی ئەنفالدا داوا دەكەین یەكڕیزیی نیشتمانی و یەكگوتاری بكرێتە ئامرازێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانەی بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدرێت، هەروەها جارێكی تر پێداچوونەوە بە بژێوی و گوزەرانی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال بكرێتەوە، مووچەكانیان بەپێی قەبارەی قوربانییەكانیان بێت، خزمەتگوزاریی شایستە و ژیانێكی ئاسوودەیان بۆ فەراهەم بكرێت.

روونی كردەوە، پرۆسەی بەدناوی ئەنفال پێمان دەڵێت كە تا ئێستە هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسیی پەلاماردان و هێرشكردنە سەر قەوارەكەیەتی، دوژمنانی گەلەكەمان لە هەر دەرفەتێك بۆیان بڕەخسێت پرۆسەی ئەنفال دووبارە دەكەنەوە، ئەگەرچی رژێمی دیكتاتۆریی بەعس كۆتای هاتووە، بەڵام گۆڕانكاریی ئەوتۆ بەسەر عەقلی سیاسیی نوخبەی دەسەڵاتداری عێراق نەهاتووە. 

گوتەبێژی حزبی شیوعیی كوردستان روو لە خەڵك دەكات و ئاماژە دەكات، ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد هەیە، بە گوتاری هاوبەش و یەكگرتوو و گەڕانەوە بۆ جەماوەری شۆڕشگێر كە لە هەر هێرش و پەلاماردانێك دەمانپارێزێت، پێویستە دادگایەكی تایبەت لەلایەن حكوومەتی هەرێم دابمەزرێت بۆ بڕیاردان لە دۆسیەی بەرپرس و تاوانبارانی كەیسی بەدناوی ئەنفال.

"هەموو جاش و مستەشار و كەس و ئەو لایەنانەی لەو تاوانە بەشدار بوون، بانگی ئەم دادگەیە بكرێن ‌و بەشێوەیەكی دادوەرانە و بێلایەنانە دادگایی بكرێن، هەروەها پێویستە حكوومەتی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان بكا و پرۆسەكە بە جینۆساید بناسێت، حكومەتی عێراق پابەند بكرێت كە لێژنەیەك لە وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و دارایی و ناوخۆی عێراق، بۆ خەمڵاندنی زیانەكانی سەرجەم ئەو ناوچانەی بەر پرۆسەی بەدناوی ئەنفال كەوتوون، دواجار قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكرێتەوە"، سوبحی مەهدی، گوتەبێژی حزبی شیوعیی كوردستان وا دەڵێت.

لای خۆیەوە شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، كورد هەموو كات گەلێكی ستەمدیدە و چەوساوە بووە بە دەست دەسەڵاتدارانی دراوسێ و هیچ كەسێك پاڵپشتی نەبووە، سەدامیش كە كیمیاباران و ئەنفالی دەكردین، هیچ وڵاتێكی دنیا پاڵپشتیی نەدەكردین، بەڵكو هاوكاریی سەدامیان دەكرد و چەك و تەقەمەنیان پێ دەدا تا كیمیابارانی كردین، دواتر لە سەرمان بە وەڵام نەهاتن و هیچ كارێكیان بۆ كورد نەكرد.

روونی كردەوە، دواجار ئەو كەسوكاری ئەو كوردانەی ئەنفال كران هیچ قەرەبوو و پاداشتێكیان نەكرایەوە، لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراقیشەوە، بۆیە هەموومان پێویستە بەردەوام لە خزمەت ئەو بنەماڵە سەربەرزانەی ئەنفالكراواندا بین و بەردەوام ستایشیان بكەین، هاوكات خزمەتی خەڵك و وڵات و گەل و نیشتمانەكەمان بكەین و بین لە تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیان و لێبوردەیی و یەكڕیزیی بەردەوام و جارێكی تر نەگەڕێینەوە بۆ قۆناغی شەڕ و پێكدادان و ململانێی ناوخۆیی و هەموو شتەكان بە دڵی خەڵكی كوردستان بێت، ئەمە باشترین پاداشتە بۆ خەڵكی كوردستان.

هەر لەمبارەیەوە نزار مەحموود، ئەندامی چڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، دەبێت هەموو لایەنەكان لەبەر خاتری خوێنی شەهید و ئەنفالكراو و زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی كیمیاباران و تەواوی ئەو كەسانەی كە خوێن و ژیانی خۆیان بە كوردستان بەخشی، یەك بگرن و تەبا و یەكڕیز بن، تا دۆخەكە بەرەو باشتر بڕوات.

ئاماژەی كرد، ئەوەی گرنگە و پێویستە قەرەبووی هەموو ئەو زیانلێكەوتووانە بكرێتەوە و بەردەوام ئاگایان لە هەموو ئەو كەسانە بێت كە قوربانیان لە پێناو ئەم وڵاتەدا داوە تا ئەم دۆخەی ئێستە دروست بووە، ئێستە كورد لاوازە و پێویستە بە یەكگرتوویی خۆی بەرانبەر بە عێراق بەهێز بكاتەوە و سەرجەم زیانلێكەوتووانی دەستی رژێم قەرەبوو بكرێنەوە.

هەر سەبارەت بەو بابەتە و ئەوەی پێویستە لە ساڵوەگەڕیی شاڵاوەكانی بەدناوی ئەنفال بگوترێت و بكرێت، "وشە" پێوەندی بە هەردوو گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كرد، بەڵام ئامادە نەبوون وەڵام بدەنەوە.

جێی باسە، ئەمڕۆ 36مین ساڵوەگەڕیی شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفالە، كە تیایاندا زیاتر لە 182 هەزار منداڵ و ئافرەت و پیاو و گەنجی كوردستان لە بیابانەكان بێ هیچ تاوانێك، جگە لە كوردبوونیان ئەنفال و زیندەبەچاڵ كران، لە یەكێك لە قێزەونترین تاوان و جینۆساید لە ساڵی 1988 لەسەر دەستی رژێمی بەعسی رووخاو ئەنجام درا.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل