پەرلەمانتارێكی عێراق: دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا ئەركی ئێمە نییە

:: PM:06:37:18/04/2024 ‌

هێزە شیعەكان و میلیشیاكانیان بە بەردەوام بابەتی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق گەرم دەكەن، كە رەنگە زیاتر خواستێكی ئێران بێت، ئەوان داوای دەركردنی ئەو هێزانە دەكەن، كەچی ئەو هێزانە بۆ رزگاركردنی عێراق لە داعش و لەسەر داوای حكوومەتە شیعەكان هاتوون، پەرلەمانتارێكی شیعە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو هێزانە لەسەر داوای حكوومەتی عێراق هاتوون و دەركردنیان ئەركی پەرلەمان نییە.

سائیر موخیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی دووپاتی كردەوە كە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان نییە، كاتێك ناوە ناوە وا بڵاو دەكرێتەوە كە دەركردنی هێزە بیانییەكان پێویستی بە بڕیارێكی پەرلەمان هەیە، ئەوە راست نییە، چونكە ئەو هێزانە پێشتر لەسەرە داوای حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لە 2014 بەهۆی بوونی پێویستی پێیان هاتوون. 

روونی كردەوە، دەركردنی ئەو هێزانە یان مانەوەیان پێوەستە بە بڕیاری حكوومەت، ئەوەش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخی تەناهی و پێویستی پێیان، ئەگەر وای بینی دۆخەكە پێویست بە چوونەدەرەوەیان دەكات، پێویستە دەریان بكات، بۆیە ئەو بابەتە دەوەستێتە سەر ئەوەی بەغدا بە گونجاوی دەزانێت، بۆیە دەركردنی ئەوان راستەوخۆ لە دەسەڵاتی حكوومەتە و هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتەش لەسەر هەڵسەنگاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران وەستاوە و ئەو بڕیاری كۆتایی و گونجاو لەو دۆسییە گرنگە دەدات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل