ئەمینداری نەتەوە یەكگرتووەكان: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری ڕووخاندایە

:: PM:06:51:18/04/2024 ‌
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕای دەگەیەنێت كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری ڕووخاندایە بەهۆى هەر هەڵەیەك بۆی هەیە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی ململانێیەكی هەرێمیی فراوان.

ئەمڕۆ پێنجشەم، 18ی نیسان، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشدا باسی خراپیی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد و گوتی، بە كەمترین هەڵەتێگەیشتن یان بەرهەڵستییەك، دەبێتە هۆی ململانێیەكی هەرێمیی فراوان كە هەرگیز ناتوانین چاوەڕێی بكەین چۆن دەبێت و هەموو لایەنەكانی تێوەی گلاون لەناو دەبات و تەواوی جیهانیش پێوەی دەناڵێنێت.

هەروەها گوتی، ڕێم بدەن زۆر ڕوون بم لەگەڵتاندا، مەترسییەكان لە زۆر ڕووەوە هەڵدەكشێن. ئێستە بەرپرسیارییەتییەكی گشتیی هاوبەش كۆمان دەكاتەوە بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەركردنی بدەین تا جارێكی تر ناوچەكە نەگەڕێتەوە بۆ لێواری لەناوچوون.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئەوەشی خستە ڕوو كە دۆخەكە لە غەزەوە دەستی پێ كردووە، بەڵام لە توانایدایە ببێتە هۆی تیكدانی سەقامگیری لە هەموو ناوچەكە، بۆیە دووبارەی دەكەمەوە، پێویستە پەلە بكرێت لە ڕاگرتنی هێرشەكان و هەموو گیراوەكانی غەزە ئازاد بكرێن.

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕووی گلەیی خستە سەر ئیسرائیل كە تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا، 40%ی داواكانی كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕەت كردووەتەوە كە ویستوویانە بەسەر خاكی ئیسرائیلدا هاوكاری بۆ غەزە بنێرن.


وشە - عەبدوڵا عومەر