عێراق چەندان رێككەوتن و یاداشت لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان واژوو دەكات

:: PM:08:19:18/04/2024 ‌

بەر لە چوونی سوودانی بۆ ئەمەریكا، میدیاكانی عێراق باسی چەند بابەتێكی سەرەكییان دەكرد كە بەسەر بەرنامەی سەردانەكەدا زاڵ دەبێت، لەوانە چوونەدەرەوەی هێزی هاوپەیمانان و لابردنی سزای سەر بانكە عێراقییەكان و بابەتی دۆلار، كەچی ئەوەی لە واشنتن گوزەرا، تەواو پێوەندیدار بوو بە لایەنی ئابوورییەوە و لەو ناوەدا دەیان رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە بواری وزە و نەوت و غازدا واژوو كراوە.

تۆڕی "تراید ئەرەبیا"، كە تایبەتە بە كاروباری بازرگانی و ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشكرای كرد كە شاندی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە، لە واشنتن گرێبەستێكی گرنگی بواری وزەی لەگەڵ كۆمپانیای "جی ئای فیرۆنا"، سەر بە كۆمپانیای جەنەرال ئەلەكتریكی ئەمەریكی كردووە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا بە قەبارەی سێ گێگاوات لە ماوەی پێنج ساڵدا، بەهای گرێبەستەكە 1.4 ملیار دۆلارە. 

بەپێی نووسینگەی سوودانیش، دوێنێ سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند یاداشتێكی لێكگەیشتنی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی ئەمەریكی واژوو كردووە بۆ جێبەجێكردنی دەیان پڕۆژەی گەورە لە كەرتەكانی كارەبا و نەوت و دەرمان و ئابووریدا، بەیاننامەكەی نووسینگەی سوودانی باسی باسی 10 یاداشتی لێكگەیشتن دەكات كە لە نێوان حكوومەت و كەرتی تایبەتی عێراق و كۆمپانیا ئەمەریكییەكان واژوو كراوە، لەوانە لەلایەن وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە و كیڵكە نەوتی و غازییەكان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل