لە عێراق وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و خەرجكردنی پارەكانیان دەست پێ دەكات

:: PM:09:30:18/04/2024 ‌

كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەویڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند كە دەست بە خەرجكردنی پارەی ئەو بڕە گەنمە كراوە كە بۆ وەرزی ئەمساڵ لە جووتیارانی هەندێك پارێزگا وەرگیراوە، وەزیر بازرگانیی عێراقیش ئاشكرای دەكات كە لە هەشت پارێزگا دەست بە وەرگرتنی گەنم كراوە.

حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەویڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، كۆمپانیاكە بڕی 500 ملیار دیناری وەك یەكەم وەجبە لە وەزارەتی دارایی بەدەست گەیشتووە، ئەوەش بۆ خەرجكردنی پارەی ئەو بڕە گەنمەی بۆ وەرزی ئەمساڵ لە جووتیاران وەردەگیرێت، سەرەتا دەدرێتە جووتیارانی ئەو پارێزگایانەی كە درۆێنەیان دەست پێ كردووە و بەرهەمەكانیان رادەستی سایلۆكان كردووە.

روونی كردەوە، بۆ ئەمساڵ رێنوێنی هەیە دەبێت پارەی جووتیاران بەرانبەر بە رادەستكردنی گەنمەكانیان لە ماوەی 72 سعات لە وەرگرتنی گەنمەكان بدرێت، جیا لە ئاسانكردن و خێراكردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمەكانیان.

وەرزی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەر لە چەند رۆژێك لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستی پێ كردووە، ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق رای گەیاند كە ئەمباری ستراتیجیی گەنم بە قەبارەی ملیۆنێك تۆن زیادی كردووە، بەوەش ئەمباری پێویستمان لە گەنم و مادە خۆراكییەكان بۆ ماوەی شەش مانگ مسۆگەرە.

روونی كردەوە، ئێستە خەرجكردنی پارەی جووتیاران بەرانبەر بە وەرگرتنی گەنمەكانیان راستەوخۆیە، وەرزی پێگەیشتن و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە 11ی ئەم مانگە لە هەشت پارێزگای باشوور و ناوەڕاست دەستی پێ كردووە، سەرەتا پارەی ئەو جووتیارانە دەدرێت كە گەنمەكانیان وەرگیراوە و پرۆسەی وەرگرتنیش ئاسانكاری بۆ كراوە، شوێنی ئەو گەنمە زیادەش كراوەتەوە كە ئەمساڵ لە پێشبینییەكان زیاتر دەبێت.       


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل