بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، زۆر خواردنی خواردنە خێراكان، كاریگەری لەسەر تەندروستیی مێشك و ژیری لای گەنجان دروست دەكات و ئەم كاریگەرییەش بەسەریاندا بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێنێتەوە.
توێژینەوەكە زانكۆی باشووری كالیفۆرنیا كردوویەتی و گۆڤاری "نیویۆرك پۆست"ـی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، دەری دەخات كە نەوجەوانان كە زۆرتر خواردنی خێرا دەخۆن، ئەو خواردنانەی پڕیان لە چەوری و شیرینی، دەبێتە هۆی خەساربوونێكی زۆر لە خانەكانی مێشكیان و لە داهاتوویەكی دووریشدا كاریگەری لەسەر یادگەیان دەكات، ئەمەش واتە زوو تووشی بیرچوونەوە دەبن.
ئەمەریكا خۆی وڵاتێكە لەسەر خواردنی خێرا پێك هاتووە و زەحمەتە لەو وڵاتەدا چێشتخانەیەكی ئاساییت دەست بكەوێت، ئەگەر هەشبێت نرخیان زۆر گرانە، بۆیە گەنجەكانیان ناچارن پەنا بۆ خواردنی خێرا ببەن، بەڵام لە وڵاتێكی وەك كوردستان كە چێشتخانە زۆرن و نرخیشیان لە خواردنە خێرا بەناوبانگەكان هەرزانترە، دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی گەنجان خۆیانی لێ دوور بخەنەوە.
توێژینەوە ئەمەریكییەكە سەرەتا لەسەر مشكدا تاقی كراوەتەوە. دوو كۆمەڵە مشكیان هێناوە كە یەكێكیات خواردنی چەور و شیرینیان داونەتێ و ئەوی تریان خواردنی تەندروست، لە ئاكامدا گەیشتوون بەو بڕیارەی كە ڕایان گەیاندووە: خواردنی خێرای چەور و شیرین، ژیرین كەم دەكا.