كوتانێكی تری كۆلێرا لە ڕێیە

:: PM:06:18:20/04/2024 ‌

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕەزامەندی لەسەر كوتانێكی تری كۆلێرا لە ڕێگەی دەمەوە دا، ئەمەش وا دەكات جارێكی تر دروستكردنەوەی ئەو كوتانە زیاد بكاتەوە.

وەك لە بەیاننامەی ڕێكخراوەكەدا هاتووە، كوتانی Euvichol-S ئاسانكراوی كوتانی Euvichol-Plusـە بە پێكهاتەیەكی كەمترەوە، ئەمەش وا دەكات ژمارەیەكی زۆرتری لێ بەرهەم بهێنرێت.

ئامانجی ئەم كوتانە، ڕێگرتنە لە بڵاوبوونەوەی كۆلێرا كە ماوەكانی ڕابردوو لە چەند وڵاتێك سەری هەڵدابوو، ئەمەش وا دەكات پێشوەختە ئامادەباشیی تەواوی بۆ بكرێت.

ڕۆجێرۆ گاسبار، سەرۆكی بەشی ڕێكخستن و ڕێگریكردن لە پەتا لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەم كوتانە نوێیە، سێیەمە لە هەمان خێزاندا، بەڵام ئاسانكراوترە و كاریگەریشی لەوانی پێشتر زیاترە.

كۆلێرا، پەتایەكە لە ڕێگەی خواردنی پیس و پیساییەوە بڵاو دەبێتەوە، پێکهاتووە لە بەكتریای "ڤێبریۆ كۆلێرا"، مرۆڤ تووشی سكچوون و ڕشانەوەیەكی زۆر دەكات، بە تایبەتی لە منداڵدا. لە سەتەی ڕابردوودا كۆلێرا ملیۆنان كەسی كوشت، بەڵام دوای دۆزینەوەی كوتانەكەی، ئیدی وەك پەتایەكی ئاسایی لێ هات.


وشە - عەبدوڵا عومەر