پیلانێكی یەكێتی ئاشكرا دەبێت

:: PM:08:57:20/04/2024 ‌
سكرتێرێكی پێشووی مام جەلال پیلانێكی مەترسیداری یەكێتی ئاشكرا دەكات و لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی عەتا سەراوییەوە زانیاریی پیلانەكەی یەكێتی ئاشكرا دەكات، هاوكات ناوی چەند سیاسیییەكی هێناوە كە یەكێتی لە پیلانیدا هەیە تیرۆریان بكات و دواتریش بیخاتە ئەستۆى پارتی. 

سالار تاڵەبانی كە سكرتێرێكی پێشووی مام جەلالە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووك لەبارەی تەقینەوەی بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلەكەی عەتا سەراوی نووسیوویەتی، یا من هیچ نازانم یا ئامۆزاكانم قوباد و بافڵ تاڵەبانی دەیانەوێ بەم سیناریۆ پارتی تۆمەتبار بكەن. 

تاڵەبانی زیاتر نووسیویەتی، رەنگە ئەندازیاری ئەم سیناریۆیەش وەهاب هەڵەبجەیی بێت، تا بە پارتی بڵێ داخستنی ئەم كەیسە بەرانبەر داخستنی كەیسەكەی منە.

پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان دەقی ددانپێدانانی ئەو تیمەی دژەتیرۆری یەكێتیی بڵاو كردەوە كە دەستیان لە تیرۆركردنی هاوكار جافدا هەبوو، دەركەوت بە پیلانی وەهاب هەڵەبجەیی كارەكە ئەنجام دراوە و فەرمانی گرتنیشی بۆ دەرچووە، تا ئێستە لە سنووری یەكێتی ئازادانە ژیان دەكات. 

سكرتێرەكەی پێشووی مام جەلال ئاماژەی بەوەیش داوە، سیناریۆی دووەمی یەكێتی ئەوەیە، هەندێك بەرپرسی دیاری خۆی بكوژێ و تیرۆریان بكات بۆ ئەوەی لایەنی تر تۆمەتبار بكات. 

سالار تاڵەبانی لیستی ئەو كەسانەی نووسیوە كە رەنگە یەكێتی بیەوێ سیناریۆی دووەمیان لەسەر جێبەجێ بكات و ئاماژەی داوە، عەتا سەراوی، مەحموود سەنگاوی، حاجی مەسیفی، ئەحمەدی حاجی رەشید و غالب محەمەدیش لەخۆ دەگرێت و بیەوێ بە تیرۆركردنیان پارتی تۆمەتبار بكات. 

دوێنێ هەینى 19ی نیسانى 2024، بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلی عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتیدا تەقیەوە، لە نزیك تەقینەوەكەش زیان بە ئۆتۆمبێلی تر كەوتووە.

عەتا سەراوی بۆ میدیای یەكێتی ڕای گەیاند، ڕووداوەكە زیانی دارایی لە خەڵك داوە و خۆمان و خەڵكیش سەلامەتین، تیمەكانی بەرگریی شارستانی و دەزگا تەناهییەکانیش گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە.

باسی لەوەش كرد، ئەوەی كە كراوە كارێكی ترسنۆكانەیە و ئێمە "ئیحتیات"ی خۆشمان وەرگرتووە، بەڵام ئەوەش ڕووی دا، پاشان خۆشم قسەم لەسەر ئەم ڕووداوە دەبێت.

جێی ئاماژەیە، مردنی زاناى قایمقامى پێشووترى سلێمانى لە زیندان، سەروەت رەشید پاسەوانى تایبەتى مام جەلال، موراد كانیكوردەیی و عەقید هاوكار جاف دیارترین ئەو كەسایەتییانەی ناو یەكێتیین كە لای رای گشتی، یەكێتی بە "تیرۆركردنیان" تۆمەتبار دەكرێت.


وشە - تایبه‌ت