فیدراسیۆنی نووسەرانی كورد لە دیاسپۆرا پیرۆزبایی یادی رۆژنامەگەریی كوردی دەكەن

:: PM:11:18:21/04/2024 ‌
لە پەیامێكی پیرۆزبایی فیدراسیۆنی نووسەرانی كوردستان لە دیاسپۆرا هاتووە، هزری تاكڕەوی داگیركەرانی كوردستان و دیكتاتۆرییەت و زەبر و زەنگ، نەیتوانیوە چۆك بە بواری گەشەی رۆشنبیری كوردی بدات، هاوكات پەیامەكە ئاماژەی بە مێژوویەكی كورتی رۆژنامەگەری داوە. 

ئەمڕۆ 21ی نیسانی 2024 فیدراسیۆنی نووسەرانی كوردستان لە دیاسپۆرا لە پەیامێكیاندا ئاماژەیان داوە، بەر لە 126 ساڵ و لە وڵاتی غوربەت، لە قاھیرەی پایتەختی میسر یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی "کوردستان" لە سەر دەستی ڕەوانشاد میقداد بەدرخان بە چاپ گەیشت و بڵاوکرایەوە.

فیدراسیۆنەكە روونی كردووەتەوە، نەتەوەی کوردیش وەک گەلانی دنیا بوو بە خاوەن ڕۆژنامەی چاپکراوی تایبەت بەخۆی، وەلێ جیا لە نەتەوە و گەلانی تر، ئێمەی کورد دوور لە زێد و نیشتیمانی خۆمان ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕسکا، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ زەبر و زەنگی داگیرکەرانی خاکی کوردستان کە ستەم و زوڵمیان دەرھەق ئەنجامداوین، لە ھەموو جۆرە ئازادییەک تەحریمکراین، نکوڵی لە بوونی نەتەوەییمان دەکرا، بەڵام کوردبوون مانەوەی خۆی سەلماند و دەسەلمێنێ، سەپاندنی ھزری تاکڕەوی داگیرکەرانی کوردستان و دیکتاتۆرییەت و زەبر و زەنگیان، نەیتوانیوە چۆک بە بواری گەشەی ڕۆشنبیری کوردی بدەن.

لە پەیامەكەدا زیاتر هاتووە، ھەرکاتێکیش کورد ئازاد بووبێ بواری ڕۆژنامەگەری کوردی گەشەی کردووە و پێشکەوتوو بووە، بەڵگەیش کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەھاباد و بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 و پاش ڕاپەڕینی 1991، ھاوکات وشە و فەرھەنگی کوردیش ھەنگاوی مەزنی پێشکەوتنی لە ڕێی ڕۆژنامەگەرییەوە ناوە.

لە كۆتایی پەیامەكەی فیدراسیۆنی نووسەرانی كوردستان لە دیاسپۆرادا هاتووە، لەم بۆنە پیرۆزەدا، دروود بۆ گیانی پاکی میقداد بەدرخان و ھەموو ئەو ڕۆشنفکرانە دەنێرین كە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەدیار ڕۆژنامەگەری کوردییەوە ماندوو بوون، سڵاو و ماندوونەبوون لە ھەموو ئاوانەیش دەکەین بەردەوامن و خزمەت بە دنیای ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکەن، بەرز و پیرۆز بێ یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و گەشاوەتر بێت وشەی کوردی.


وشە - پۆڵا مەحموود