مەسروور بارزانی: ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان گەشەیەكی زۆرباشی كردووە

:: AM:11:35:22/04/2024 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەریی كوردی وتارێكی پێشكەش كرد و روونی كردەوە، ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان گەشەیەكی زۆرباشی كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان كە ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەریی كوردستانە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەوانی دەڕوانێت كە بەشێوەیەكی پیشەییانە و بەرپرسیارانە، ئەرك و پەیامی ڕاستەقینەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بەجێ بگەیەنن.

ئەمەیش دەقی وتارەكەیەتی.. 

خۆشحاڵم كە لەم دیدارە ڕۆژنامەنووسییەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم. بە تایبەتی بەخێرهاتنی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارە بەڕێزانە دەكەم كە لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ بەشداریكردن لەم دیدارە هاتوون . هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ئەنجام و ڕاسپاردەكانی ئەم دیدارە، لە خزمەتی پێشخستنی كاری ڕۆژنامەنووسیدا بێت.

هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنیان بۆ دەخوازم.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەوانیی دەڕوانێت كە بە شێوەیەكی پیشەییانە و بەرپرسیارانە ئەرك و پەیامی ڕاستەقینەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی ڕۆژنامەوانیی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە جێبگەیەنن، بەتایبەتی لە بواری هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاری ڕاست و دروست و دەستنیشانكردنی كەموكورتی و پێشێلكارییەكان و پشتگیریكردنی پرۆسەی چاكسازی. بەم شێوەیەش ڕاگەیاندنكاران وەك دەسەڵاتی چوارەم، یارمەتیدەرێكی گرنگی دامەزراوەكانی حكومەتن و بەیەكەوە كار بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی وڵات دەكەن.

لە هەرێمی كوردستان كاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەكی لەبار بۆ كاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.

جێی خۆشحاڵییە كە هەرێمی كوردستان خاوەنی یاسایەكی پێشكەوتووی ڕۆژنامەوانییە و بەهۆیەوە، كاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان، گەشەیەكی زۆر باشی كردووە.

ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە كوردستان، گەیشتووەتە ئاستێك كە ناحەزانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی خراپ بە كارهێنانی ئەو ئازادیەن كە لە ناوچەكە كەم وێنەیە، ئەمەش بۆ لێدان لە بنەماكانی دیموكراسی و قەوارەی كوردستان كە بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، خەڵكانێك دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

داواكارم لە ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز و سەندیكا و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان، كە ڕێگە نەدەن ئەم پیشە گرنگە، ببێتە سەكۆیەك بە خراپ بەكارهێنانی ئازادی ڕاگەیاندن و ڕا دەربڕین.

دەستخۆشی لە لیژنەی جێندەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان دەكەم بۆ هەڵبژاردنی هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە. هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی كار و پڕۆژەی هاوبەش لە گەڵ سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان.

سەبارەت بە بابەتی سەرەكی ئەم دیدارەش، كە تایبەتە بە پاراستنی ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس لە جیاكاری ڕەگەزی و جێندەری،حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەماهەنگیی و هاوكاری پێویست لەگەڵ سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ نەهێشتنی هەموو كێشە و ئاستەنگ و بەربەستەكان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژیی و جیاكارییەك كە بەرامبەریان دەكرێت. لەمبارەیەوە هەرچی پێویست بێت لە سەر حكومەت ئەنجامی دەدات بۆ كۆتاییهێنان بە هەموو بەربەست و ئاستەنگەكان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس بۆ ئەوەی بتوانن ئەركەكانیان بە شێوەیەكی پیشەییانە ئەنجام بدەن.

لە كۆتاییدا دووبارە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان پیرۆز بێت و هیوای سەركەوتن بۆ كارەكانی ئەم دیدارە دەخوازم.



وشە - رامیار جەواد