هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته خاوه‌نی پێگەیەکی به‌هێز، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه هه‌رێمى كوردستان ئابووریه‌كى به‌هێزى هه‌یه و وڵاتانى دنیا مامه‌ڵه‌ى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دەکەن تا پێوەندی دروست بکەن و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم رووەوە رۆڵی سەرەکی بینیوە و سەرنجی هەموو لایەکی بۆ کوردستان راکێشاوە.
شوان زراری، وه‌به‌رهێنه‌ر به "وشه"ى راگه‌یاند، هه‌رێمى كوردستان ئێستە پێگه‌یه‌كى به‌هێزى ئابوورى هه‌یه، وڵاتانى ناوچه‌كه و ده‌وروبه‌ر ده‌یانه‌وێت پێوەندی له‌گه‌ڵ كوردستان دروست بكه‌ن، بوونى چه‌ندین كۆمپانیا گه‌وره‌ى بیانى له هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، خاڵى به‌هێزى هه‌رێم ئابووریه‌كى به‌هێزه، ئه‌و وڵاتانه‌ى پێوەندیی له‌گه‌ڵ هه‌رێم دروست ده‌كه‌ن، وڵاتى گه‌وره و خاوه‌ن ئابوورى به‌هێزن، ئه‌وه‌ش واده‌كات هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه ئابووریه‌كه گه‌شه‌كردن به‌خۆیه‌وه ببینێت.
ئەو روونیکردەوە، وڵاتانێكى زۆر خواستى ئه‌وه‌یان هەیە له هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن، پێشتریش له كۆڕبهندهكانى داڤۆس له سویسرا چه‌ندان وڵات و كۆمپانیاى گه‌وره ئاماده‌یی خۆیان نیشانداوه بۆ ئه‌وه‌ى بێنه هه‌رێمى كوردستان بۆ كارى وه‌به‌رهێنان، سروشتى ناوچه‌كه و ئارامى و به‌پیتى خاكه‌كه هۆكارێكى تره بۆ ئه‌وه‌ى كۆمپانیا بیانییه‌كان بێنه هه‌رێمى كوردستان، هاتنى كۆمپانیاكانیش دهستیكار زیاتر ده‌كات و ئابوورى هه‌رێم ده‌بوژێنێته‌وه و كاریگه‌رى راستهوخۆشى ده‌بێت له‌سه‌ر بازاڕ و گه‌شه‌كردنى ئابوورى هه‌رێم.
زراری باسى له‌وه‌ش كرد، مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تاى كابینه‌كه‌ى باسى له‌وه كرد كه ده‌یه‌وێت ئابوورى هه‌رێمى كوردستان به‌هێز بكات، به‌هێزكردنى ژێرخانى ئابووریی هه‌رێم هه‌وڵى به‌رده‌وامى پێویسته، سه‌رۆكى حكوومه‌تیش بێ ماندووبوون له‌و هه‌وڵه به‌رده‌وامه، ئامانجیەتی هه‌رێمى كوردستان له رووى ئابووریه‌وه و ژێرخانه‌وه بگه‌یه‌نێته كه‌نارێكى ئارام كه دواجار هاووڵاتییان لێى سودمه‌ند ده‌بن.
هه‌ر سه‌ردانێكى وڵاته گه‌وره‌كان له رووى ئابوورى كه دێنه هه‌رێمى كوردستان كاریگه‌رى راسته‌وخۆى ده‌بێت
هاوکات ناسر ئیسماعیل، شاره‌زاى ئابوورى و مامۆستا به "وشه"ى راگه‌یاند، هه‌ر پێوەندییەک كه هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتان دروستى ده‌كات، هه‌ر سه‌ردانێكى وڵاته گه‌وره‌كان له رووى ئابوورى كه دێنه هه‌رێمى كوردستان كاریگه‌رى راسته‌وخۆى ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێمى كوردستان، چونكه ئه‌و وڵاتانه‌ى دێنه ناوچه‌كه له‌گه‌ڵ خۆیان وه‌زیرى پێوه‌ندیدار و گه‌وره كۆمپانیا ده‌هێنن و پێوه‌ندى دروست ده‌بێت و كارى پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگ و كاریگه‌ره و ده‌توانێت ئابووریه‌كه‌ى فراوان بكات.
زیاتر گوتى، ئه‌و سه‌ردانه‌ى سه‌رۆكى توركیا بۆ هه‌رێمى كوردستان چه‌ندان لێكه‌وته‌ى ئابوورى و فراوانبوونى پێوه‌ندى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و بووژانه‌وه‌ى كه‌رتى وه‌به‌رهێنان به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، چونكه توركیا و هه‌رێمى كوردستان دوو دراوسێن و زۆرترین پێوەندیی ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌نێوانیان هه‌یه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش سه‌رۆكى توركیا بۆیە ئه‌و وه‌زیر و كه‌سانه‌ى له بوارى ئابوورى و پیشه‌سازى و وه‌به‌رهێنان كار ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ خۆى هێنا تا مەبەستی زیاتر بە پێوەندیی بازرگانی بدرێت.