شرۆڤەكارێك: ئێران لە رێگەی پەكەكەوە بەربەستە لەبەردەم رێگەی پەرەپێدان

:: PM:10:58:24/04/2024 ‌

پڕۆژەی "رێگەی پەرەپێدان"، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی گرەوێكی زۆری لەسەر دەكات، چونكە بە جێبەجێكردنی عێراق دەچێتە قۆناغێكی تر و لە رووی ئابووریی و پەرەپێدان و نەهێشتنی بێكاری ە هەژاری گەشەسەندنێكی گەورە دەكات و سەرچاوەیەكی داهاتی گەورەتر لە نەوتەكەی دەست دەكەوێت، شارەزایەك پێی وایە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەبێت ئێران رازی بكرێت.

بەر لە چەند رۆژێك سەرۆكی توركیا سەردانی بەغدای كرد، بە بۆچوونی زۆرینەی شارەزایان، توركیا زیاتر لە عێراق چاوی لە پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانە، چونكە سوودێكی گەورەی ئابووری دەكات، كە كەنداو و ئەوروپا بەیەكەوە دەبەستنەوە، جیا لە دوو رێگەی وشكانی و ئاسنین، بۆری گواستنەوەی غازیش لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەردۆغان جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی بە نەمانی پەكەكە لە عێراق گرێ داوە.

موجاهد تائی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لە سایەی بوونی پەكەكە لەسەر سنوورەكان پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان جێبەجێ ناكرێت، بۆیە بۆ لابردنی پەكەكەش پێویستە ئێران لە پڕۆژەكە بەشداری پێ بكرێت، چونكە ئەو پاڵپشتی لە پەكەكە دەكات و پەكەكەش بەرەبەستی بەردەم پڕۆژەكەیە.

روونی كردەوە، پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان نیوەی ئابوورییە و نیوەكەی تری تەناهی و ناكرێ بێتە جێبەجێكردن بێ دابینكردنی ئاسایش بۆ پڕۆژەكە، بۆیە پاڵپشتیی ئێران بۆ پەكەكە و مانەوەی بەربەستە لەبەردەم جێبەجێكردنی، مەگەر ئێران رۆڵی لە پڕۆژەكە هەبێت.

تائی دووپاتی كردەوە، ئێران بێ دەستكەوتنی هیچ بەرانبەرێك بە دەستەوارەیەكی چەندان ملیار دۆلاری، قوربانی بە پەكەكە نادات و دەستبەرداری نابێت، بۆیە پێویستە ئەو وڵاتەش بخرێتە ناو پڕۆژەكەوە بۆ نەهێشتنی بەربەستی بەردەم جێبەجێكردنی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل