یەكێتی شەش بكوژی داڵدە داوە سەرەڕای ئەوەی ساڵێكە دادگا داوایان دەكات

:: PM:01:19:25/04/2024 ‌
ساڵێك لەمەوبەر كوڕێكی عەبدوڵا كوێخا موبارەك لە چەمچەماڵ كوژرا، تا ئێستە بكوژ نەگیراوە، باوكیشی دەڵێت، ئەو تاوانبارانە لە ناو فەرماندەیی یەكێتی لە مەعەسكەر سەلامی سلێمانی لەلایەن دژەتیرۆری یەكێتییەوە پەنا دراون و وەك كارمەندی هێزە تەناهییەكان دامەزرێنراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی نیسان، عەبدوڵا كوێخا موبارەك بڵاوی كردووەتەوە، ساڵێك لەمەوپێش گرووپێكی چەكداریی شەش كەسی، بەشێوەیەكی ترسنۆكانە و بەرنامە بۆ داڕێژراو (سەرهەد)یان تیرۆر كرد.

باسی لەوەش كردووە، دوای كۆكردنەوەی بەڵگەكان كە بە كامێرا كاتی ئەنجامدانی تاوانەكە بە ڕوونی و چەندان شاهید و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر، پێشكەش بە دادگا كرا و سكاڵا لەو تاوانبارانە كرا، بە مادەی 406 تاوانی كوشتن بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە ماوەی ساڵێكدا تا ئێستە نەگیراون.

روونی كردووەتەوە، زانیارییەكان دەڵێن ئەو تاوانبارانە لە ناو فەرماندەیی یەكێتی لە مەعەسكەر سەلامی سلێمانی، لەلایەن دژەتیرۆری یەكێتییەوە پەنا دراون و وەك كارمەندی هێزە تەناهییەكان دامەزرێنراون.

عەبدوڵا كوێخا موبارەك رای دەگەیەنێت، هێزە تەناهییەكانی یەكێتی لەبری پارێزگاری لە سەروماڵی هاووڵاتییان، بووە بە لانە و پەناگەی دز و پیاوكوژ و خەڵكی تاوانبار.



وشە - رامیار جەواد