ڤیدیۆ... عەبدولەتیف رەشید سوودانی ئیحراج دەكات بە بەخشینی دەمانچەیەك پێی

:: PM:06:32:26/04/2024 ‌
راگەیاندكار و توێژەرێكی عێراقی چەند بەڵگەنامەیەك لەبارەی عەبدولەتیف رەشید سەركۆماری عێراق بڵاو دەكاتەوە و بەپێی بەڵگەنامە بڵاوكراوەكان، سەركۆماری عێراق 57 دەمانچەی بەسەر كەسانی نەناسراودا دابەش كردووە وەك دیاری و تێچووی ئامادەبوونیشی لە یاریگای بەسرە 75 ملیۆن دینار بووە. 

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك كە بڵاو كراوەتەوە لەلایەن د. حەمید عەبدوڵا راگەیاندكار و توێژەری مێژوویی كە هاوكات پێشكەشكاری پڕۆگرامێكی سیاسییە لە چەنەڵی خۆی لە یوتوب، ئاماژەی بەوە داوە كە عەبدولەتیف رەشیدی سەركۆماری عێراق 57 دەمانچەی بەسەر چەند كەسایەتییەكی سیاسیی و رۆژنامەنووس و كەسانی نەناسراودا دابەش كردووە. 

بەپێی بەڵگەنامەی بەردەستی راگەیەندكارەكە، یەكێك لەو دەمانچانەی كە سەركۆماری عێراق وەك دیاری بەخشیویەتی، داویەتی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، 

ئەم راگەیەندكارە دیارەی عێراق، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەكاندا دەڵێ: ئایە كاری سەركۆمار دابەشكردنی دەمانچەیە؟ لە بەشێكی تری قسەكانیشیدا لەبارەی بەخشینی دەمانچە بە محەمەد شیاع سوودانی دەڵێ " سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقە، سەرۆكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، چ پێویستی بە دەمانچەی تۆیە؟ دڵنیام لە ئیحراجیدا دیاریەكەی سەرۆك كۆماری قبووڵ كردووە. 

بەپێی ڤیدیۆكە، ئەو دەمانچانەی كە سەركۆماری عێراق بەخشیوویەتی نرخەكانیان چوار هەزار دۆلاری ئەمەریكییە. 

لە بەشێكی تری بەڵگەنامەكاندا هاتووە، سەركۆماری عێراق بڕی 66 ملیۆن دیناری خەرج كردووە بۆ كڕینی تابلۆی هونەری بۆ كۆشكی كۆماری. 

حەمید عەبدوڵا بەڵگەنامەیەكی تری لەسەر رەشید لەتیفی سەركۆمار بڵاو كردووەتەوە، كە بەپێی بەڵگەنامەكە تێچووی ئامادەبوونی سەركۆمار لە یارییەكدا لە یاریگەی بەسرە 75 ملیۆن دینار بووە، بە جۆرێك ئەم رۆژنامەنووسە دەپرسێت، كەس نازانێت ئەم 75 ملیۆن دینارە چۆن خەرج كراوە؟  چونكە ئەمە لەكاتێكدایە، فڕۆكە لەبەغداوە بۆ بەسرە لەسەر حسابی دەوڵەت بووە و مانەوەیشی لە هۆتێل هەر لەسەر حسابی عێراق بووە، ئیتر 75 ملیۆن دینار بەچی و چۆن خەرج كراوە؟

ڤیدیۆی بەڵگەكان لێرەیە



وشە - پۆڵا مەحموود