سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو بڵاوی كرده‌وه، ئێران بۆ ئه‌مساڵیش تووشی كورتهێنانی بودجه ده‌بێت و ته‌نیا كاتێك ده‌توانێت له‌و كورتهێنانه رزگاری ببێت، نرخی نه‌وت بگاته 121 دۆلار.
هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت كه زۆر له نه‌وتی ئێران گرانتره، له خوارووی 88 دۆلار ده‌فرۆشرێت و سندووقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو پێشبینی كردووه، ناوه‌ندیی نرخی نه‌وت له‌مساڵدا 79 دۆلار بێت.
ئێران بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی خێراتر ساغ بكاته‌وه، لانی كه‌م 12 دۆلار كه‌متر له بازاڕ به چینییه‌كانی ده‌فرۆشێت و به پێچه‌وانه‌ی ساڵی رابردووش كه ئێران به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌ی به به‌رهه‌مهێنان دا، ئه‌مساڵ له باشترین حاڵه‌تدا ئێران ده‌توانێت ته‌نیا 100 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا زیاتر له ساڵی رابردوو بفرۆشێت، كه‌وایه به‌و نرخه‌ی ئاماژه‌ی پێ كرا تووشی كورتهێنانێكی زۆری بودجه ده‌بێت.
قه‌رزی حكوومه‌تی ئێران و كۆمپانیاكانی سه‌ربه حكوومه‌ت، به‌راورد به ساڵی رابردوو چوار ملیار دۆلار زیاد ده‌كات و ده‌گاته 118 ملیار دۆلار
ئه‌و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه باسی له‌وه كردووه كه قه‌رزی حكوومه‌تی ئێران و كۆمپانیاكانی سه‌ربه حكوومه‌ت، به‌راورد به ساڵی رابردوو چوار ملیار دۆلار زیاد ده‌كات و ده‌گاته 118 ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش یه‌ك له‌سه‌ر چواری كۆی ئابووریی ئێرانه.
پێشتر بانكی ناوه‌ندیی ئێران ئاشكرای كردبوو كه قه‌رزه‌كانی حكوومه‌ت به بانكی ناوه‌ندیی ئێران، له ساڵی رابردوودا نزیكه‌ی 56% زیادی كردووه و گه‌یشتووه‌ته هه‌زار و 310 تریلیۆن تمه‌ن كه به نرخی ئه‌و دۆلاره‌ی حكوومه‌تی ئێران دابه‌شی ده‌كات، ده‌گاته نزیكه‌ی 30 ملیار دۆلار.
قه‌رزی حكوومه‌ت به بانكه‌كان ته‌نیا به‌شێكی كه‌می قه‌رزه‌كانیه‌تی و ده‌گوترێ سه‌رووی 100 ملیار دۆلاریش به سندووقی په‌ره‌پێدانی نیشتمانیی قه‌رزداره، حكوومه‌تی ئێران هه‌رگیز له توانایدا نییه له ژێر باری ئه‌و قه‌رزانه‌دا خۆی رزگار بكات.
حكوومه‌تی ئێران به‌هۆی قه‌باره‌ی گه‌وره‌ی كورتهێنانی بودجه، بانكی ناوه‌ندیی ئێرانی ناچار كردووه دراوی زیاتر چاپ بكات، ئه‌مه‌ش وایكردووه قه‌باره‌ی نه‌ختینه‌یی به رێژه‌ی 35% زیاد بكات كه به زیان بۆ سه‌ر خه‌ڵك و بازاڕ شكاوه‌ته‌وه.
بانكه‌كه پێشبینی كردووه ئه‌مساڵ رێژه‌ی هه‌ڵاوسان بگاته 37.5% و ساڵی رابردووش رێژه‌كه‌ی به 41.5% راگه‌یاندبوو، بانكه‌كه له ئاماره‌كانیدا زیاتر پشتی به ناوه‌ندی ئاماری ئێران به‌ستووه، له كاتێكدا بانكی ناوه‌ندیی ئێران رێژه‌كه‌ی زۆر به‌رزتر راگه‌یاندووه و ماوه‌ی رابردوو بڵاوی كرده‌وه كه رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له ئێران له ساڵی رابردوودا 52% بووه.
هه‌ر به‌پێی ئاماری سندووقه‌كه له ماوه‌ی ساڵی 2023دا، قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ئێران به‌راورد به ساڵێك پێشتر به‌ڕێژه‌ی 15% زیادی كردووه، گه‌یشتووه‌ته سێ ملیۆن و 100 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا.
له سه‌ره‌تای ساڵی 2021ه‌وه كه جۆ بایدن به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه، ئه‌مه‌ریكا به ئامانجی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران له جێبه‌جێكردنی سزاكان ده‌ستی شل كردووه، بۆیه له‌و كاته‌وه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیش له ئێران زیادی كردووه.
له ساڵی 2021دا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به رێژه‌ی 10% زیادی كرد، له ساڵی 2022یشدا به هه‌مان رێژه زیادی كرد، له ساڵی 2023دا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به رێژه‌ی 15% زیادی كردووه.
پێشبینی كراوه ئه‌مساڵیش به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ئێران 100 هه‌زار به‌رمیلی تر به‌رز ببێته‌وه و بگاته سێ ملیۆن و 200 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا.
هاوكات له ساڵی 2022دا به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتیش له چوار ملیۆن و 800 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا، گه‌یشتووه‌ته پێنج ملیۆن و 100 هه‌زار به‌رمیل، بۆ ساڵی 2023 و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌مساڵیش 300 هه‌زار به‌رمیلی تر به‌رز ببێته‌وه.
ئێران له ساڵی 2023دا رۆژانه ملیۆنێك و 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده كردووه
ئێران له ساڵی 2023دا رۆژانه ملیۆنێك و 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده كردووه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌مساڵ قه‌باره‌كه 100 هه‌زار به‌رمیلی تر به‌رز بكاته‌وه و بیگه‌یه‌نێته ملیۆنێك و 500 هه‌زار به‌رمیل. له سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپدا قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران بۆ خوارووی 200 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا دابه‌زیبوو.
ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه بكرێ نه‌وتی ئێران به داشكاندنه‌وه به 65 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك ساغ بكرێته‌وه، به فرۆشتنی رۆژانه ملیۆنێك و 500 هه‌زار به‌رمیل له ساڵێكدا، 35 ملیار دۆلاری ده‌ست ده‌كه‌وێت له كاتێكدا قه‌باره‌ی بودجه زۆر به‌رزه.
قه‌باره‌ی گشتیی بودجه‌ی ئه‌مساڵی ئێران به شه‌ش هه‌زار و 347 تریلیۆن تمه‌نی دیاری كراوه كه به به‌های ئه‌و دۆلاره‌ی حكوومه‌ت دابه‌شی ده‌كات، ده‌گاته نزیكه‌ی 150 ملیار دۆلار و به نرخی بازاڕی ئازادیش ده‌گاته نزیكه‌ی 100 ملیار دۆلار.
حكوومه‌تی ره‌ئیسی پشتئه‌ستوریی به نه‌وتی به رێژه‌ی 9% كه‌م كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وه نییه ئابووری وڵات له كه‌رتی تردا گه‌شه‌ی كردبێت، ته‌نیا ئه‌وه‌یه له جیاتی ئه‌وه باری باجی زیاتر كردووه.