ئیسپانیا خەڵاتی نیشتمانیی یاریکردن بە گای هەڵوەشاندەوە

:: PM:04:21:04/05/2024 ‌
حکوومەتی ئیسپانیا رای گەیاند کە خەڵاتی نیشتمانیی یاریکردن بە گای هەڵوەشاندووەتەوە و ئەو بڕیارەش تووڕەیی بەشێک لە دانیشتووانی ئیسپانیا و پشتیوانیی گرووپەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵانی بەدواوە بووە.

ئیرنێست ئۆرتاسۆن وەزیری رۆشنبیریی کابینەی چەپی ئیسپانیا کە پارتی سۆمار سەرۆکایەتی دەکات بڵاوی کردەوە زۆربەی ئیسپانییەکان نیگەرانن لە پێشێلکردنی مافی ئاژەڵان و بۆیەش چیتر هیچ خەڵاتێک دابەش ناکەن کە لەسەر بنەمای ئازاردانی ئاژەڵانە.

خەڵاتەکە لە ساڵی 2011ەوە پێشکەش کراوە و لە حکوومەتی سۆسیالیستیی پێشووی ئیسپانیا داندرا و بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2013  پێشکەش کرا و 32 هەزار دۆلار بە براوەی خەڵاتەکە دەدرا.

یاریکردن بە گا لە کلتوری ئیسپانیا لایەنگرێکی زۆری لە رابردوودا هەبووە
بەگوێرەی شەفەقنا، یاریکردن بە گا لە کلتوری ئیسپانیا لایەنگرێکی زۆری لە رابردوودا هەبووە بەڵام چەند ساڵێکە رەخنەیەکی زۆر لەم جۆرە یارییە گیراوە و ساڵ بە ساڵ خەڵکی زیاتر لە ئیسپانیا دژی ئەم جۆرە یارییە هەڵوێست وەردەگرن و بە تایبەتی لە نێو توێژی لاواندا بووەتە شتێکی بێزراو.

بەپێی راپرسییەک لە ساڵی 2021 دا تەنیا 1.9% لە دانیشتووانی ئیسپانیا بەشدارییان لەم یارییەدا کردووە و بەراورد بە سێ ساڵ پێشتر بە رێژەی 0.8% دابەزیوە.



وشە - سلێمان تاشان