شارەزایان: سەردانی سەركردەكانی هەرێم بۆ وڵاتان مانای وایە كورد نیوچە سەربەخۆیە

:: PM:09:09:04/05/2024 ‌

شارەزایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان باس لەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی دنیا گرنگ و كاریگەرە ‌و رۆڵی گەورەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، باس لەوە ‌دەكەن كە هەرچەندە كوردستان هەرێمێكە لە چوارچێوەی عێراق، بەڵام لەسەر ئاستی دەرەوە وڵاتانی زلهێز مامەڵەی وڵاتی لەگەڵدا دەكەن و پێویستە پێوەندییەكانی دەرەوەی فرەوانتر بكات.

عومەر رەنگێنەیی، پرۆفیسیۆر و مامۆستای زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پێگەی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەوتووەتە شوێنێكی ستراتیجی، ئێستە هەرێم لە ئاستێكی باڵای پێوەندیدایە لەگەڵ دنیای دەرەوە، نەتەوەی كورد گەورەترین نەتەوەیە كە نەیتوانیوە دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام لە دوای راپەڕینەوە كورد روویەكی جوانی پێشانی دنیا دا كە نەتەوەیەكی باشە، جگە لەمە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەسف كراوە و هەر ئەوە بوو وای كرد ناوچەی دژەفڕینی بۆ دابنرێت، ئێستەش پێوەندیی بەهێز لە نێوان هەرێم و وڵاتە زلهێزەكاندا هەیە، بە تایبەتی ئەمەریكا و فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە بە بەردەوام دێنە هەرێمی كوردستان.

باسی لەوە كرد، هەرێمی كوردستان وای كردووە گرنگی پێ بدرێت و سەلماندی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی دیموكراسییە و لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان و هاوپەیمانان پێوەندیی هەیە، سەردانی سەركردەكانی هەرێمیش بۆ وڵاتە گەورەكان و بەشدارییان لە كۆڕبەندە دنیایی و كۆنفرانسەكان، مانای وایە كورد نیوچە سەربەخۆیە، لە ناوخۆش پێویستمان بە یەكڕیزی و پێكەوەبوون هەیە، بەتایبەتی پێوەندییەكانی پارتی و یەكێتی، دەبێت لە ناوخۆش ئەو پێگەیە بپارێزرێت.

لای خۆیەوە دڵشاد نامیق، شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق مافی هەیە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەشدار بێت، راستە هەرێمێكە لە عێراق، بەڵام جۆرێك لە نوێنەرایەتیی نەتەوەیی هەیە كە نوێنەرایەتیی نەتەوەی كورد دەكات لە دنیا، چونكە تاكە قەوارەی ددانپێدانراوە كە لە رووی نێودەوڵەتییەوە بەپێی دەستووری عێراق مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، هەرێم لای وڵاتانی دنیا بەتایبەت لای وڵاتە زلهێزەكانی وەك ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فڕەنسا و چین و رووسیا حیسابی تایبەتی بۆ كراوە .

روونی كردەوە، ئەو پێوەندییانە وایان كردووە هەرێم و سیستمە سیاسییەكەی لە دەرەوە بناسرێت، پێوەندییەكان بەو جۆرەن لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم دەكرێت، كاربەدەستانی دنیا سەردانی هەرێم دەكەن و وەك شوێنێكی گرنگ تەماشای دەكەن، گرنگیی هەرێم بۆ دنیا، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی شوێنی جوگرافی و پێگە ئابوورییەكەی، هەروەها هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و شەڕی دژ بە داعش گەورەترین رۆڵی هەبوو، كە ئەمە ستایشی وڵاتە زلهێزەكانی دنیای بەدواوە بوو، جگە لەمە هەرێم بەشدارە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، بۆیە دنیای دیموكراسی وەك نموونەیەك تەماشای هەرێم دەكەن و پێویستە هاوكاری و پاڵپشتی بكرێت.

هەر پێوەست بەو بابەتە هێمن سەعید، شارەزای یاسایی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان پێویستی بە فرەوانكردنی پێوەندییەكانی هەیە، بەتایبەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە گەورە و كاریگەرن، ئەو وڵاتە گەورانە كاریگەریی زۆریان لە رووی ئابووری و سیاسی و سەقامگیرییدا هەیە، ئەو وڵاتانە لە چەند روویەكەوە لە كوردستان و عێراق بوونیان هەیە وەك مافی مرۆڤ و پەرەپێدان و هاوكاری لۆجستی.

دووپاتی كردەوە، ئەو وڵاتانە سەرەڕای پێوەندییان لەگەڵ هەرێم، هاوكاریش پێشكەش بە هەرێم دەكەن، بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە دەڕواننە پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێم، دەخوازن كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن، ئەوەشمان بینی لە رابردوو سەرۆكی فڕەنسا كە یەكێكە لە وڵاتە زلهێزەكان هاتە هەرێم، هەروەها سەرۆكی توركیا كە دووەم گەورەترین وڵاتی ناتۆیە ئەویش بێ سەردانیكردنی هەولێر نەگەڕایەوە توركیا.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل