گرنگترین بابەتەكانی كارنامەی سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ تاران چییە؟

:: PM:05:51:05/05/2024 ‌

وەك سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند ئەمڕۆ یەكشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بانگهێشتێكی فەرمیی و بە هاوەڵی شاندێك سەردانی تاران دەكات، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران كۆ دەبێتەوە و باسی برەودان بە پێوەندییەكان و هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان دەكەن، گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی دەكەن، بەڵام گرنگترین خاڵەكانی كارنامەی سەردانەكە چین؟

سەردانی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێم بۆ ئێران چوارەمینە و پێشتر دوو جار وەك سەرۆك وەزیران و جارێكیش وەك سەرۆكی هەرێم سەردانی تارانی كردووە، فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەندامێكی شاندی هەرێم بۆ تاران دەڵێت، وەك چۆن پێوەندیی باشمان لەگەڵ توركیا هەیە، پێویستە پێوەندیی باشمان لەگەڵ ئێرانیش هەبێت، هاوكات پێویستە تاران رێز لە سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرێت. 

روونی كردەوە، ئێمە رێگە بەوە نادەین لە هەرێمی كوردستانەوە هەڕەشە بۆ سەر ئێران و توركیا و سووریا هەبێت، بانگهێشتنی فەرمیی سەرۆكی هەرێمیش بۆ تاران بۆ تاوتوێكردنی پێوەندییە دووقۆڵییەكان و نوێكردنەوەیەتی لە چەند بوارێكی سیاسی و بازرگانی و هیتریش، دووپاتی كردەوە كە گەشبینن بە چارەسەركردنی هەر كێشەیەك ئەگەر هەبێت، خوازیاری باشتركردنی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئێرانین.

ئەمڕۆ یەكشەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تاران و بڕیارە چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بكەوێت، لەوانە عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و وەزیری دەرەوە، شاندی هاوەڵی سەرۆكی هەرێم لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆكی هەرێم و دڵشاد شەهاب، راوێژكاری سەرۆكی هەرێم و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و عەبدوڵا ئاكرەیی، راوێژكاری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئێران پێك هاتووە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ئاماژە دەكات كە سەردانەكە فەرمییە و سەرۆكی هەرێم چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئێران دەكەوێت، مەبەستی سەردانەكەش پتەوكردنی پێوەندییەكان و باسكردنی بابەتە گرنگەكانی پێوەندیدار بە ناوچەكەیە، جیا لە فرەوانكردنی پێوەندییە جۆراوجۆرەكانی هەولێر و تاران.

سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو بوونی چەندان كێشە و تەنگژەی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و گۆڕانكاریی چاوەڕوانكراو دێت، كە ئێران یەكێكە لە وڵاتانی كاریگەری ناوچەكە، بەتایبەتی لەسەر بەغدا و حكوومەتی عێراق و حزبە سیاسی و گرووپە شیعە چەكدارەكانی عێراق، هاوكات لە سایەی ئەو ناكۆكییەی لە نێوان تاران و واشنتن هەیە و وایان كردووە عێراق و هەرێمی كوردستان ببنە بەشێك لە گۆڕەپانی ململانێكان، بۆیە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و پاراستنی هەرێمە لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران هەیە.

سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم لەناو بوونی چەند تەنگژەیەكی قووڵی دارایی و نەوتی و یاسایی لە نێوان هەرێم و بەغدا دێت، لەوانە پێوەست بە بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بابەتی بەجێكردنی مووچە و دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و بڕیارەكانی دوایی دادگای فیدراڵیی پێوەست بە هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان و دەستوەردان لە یاسای هەڵبژاردن و بازنەكانی دەنگدان، بە گشتی ئەو نەفەسە مەركەزییەتەی بەغدا لەگەڵ هەرێم مامەڵەی پێ دەكات و دەیەوێ دەسەڵاتە دەستوورییەكانی زەوت بكات و خۆی لە بەڵێنەكانی لە رێككەوتنی سیاسی بدزێتەوە، بەو پێیەی ئێران كاریگەریی گەورەی لەسەر حزبە شیعەكانی پێكهێنەری حكوومەتی عێراق هەیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەموو ئەوانە ببنە بەشێك لە ناوەڕۆكی باسەكانی سەردانەكە.

لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە بابەتی تەناهی یەكێكە لە بابەتە گرنگەكان، كاتێك لە چەند مانگی رابردوو رێككەوتنێكی تەناهی لە نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەكان و دوورخستنەوەی بارەگەی حزبەكانی رۆژهەڵات كرا و هەرێم وەك پێویست جێبەجێی كرد، جیا لەوە هێرشی هەندێك لە گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر دامەزراوە ئابووریی و نەوتی و غازییەكانی هەرێم، ئەوانەش دەبنە بەشێك لە باسەكان.

بە گشتی سەرۆكی هەرێم دەیەوێ سێ خاڵی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باس بكات، هەرێم بەهیچ شێوەیەك نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران، هاوكات ناشیەوێ ببێتە گۆڕەپانێكی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی وڵاتان لەگەڵ ئێران، لە بری ئەوە ئێران دەتوانێت رۆڵی باش لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە ناوخۆی هەرێمیش ببینێت، ئەوانە لە پاڵ برەودان بە پێوەندیی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەولێر و تاران.

لە ماوەی دوایی، بەتایبەتی لە دوای هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدای كرد و بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانیی بەرێوەبردنی دەوڵەت كرد، لەوێ باسی چەند بابەتێكی رژد و گرنگی پێوەست بە هێرشەكە و گوشارەكانی بەغدا و پشتگوێخستنی رێككەوتنی سیاسی و پێویستی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان لەگەڵ هەرێم و ەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم كرد، بۆیە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ تاران زۆر گرنگە و چاوەڕوان دەكرێت دوای سەردانەكە گۆڕانكاریی گەورە لە بڕیار و هەڵوێستەكانی بەغدا بەرانبەر بە هەرێم هەبێت.

سەرچاوەیەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە ئەو سەردانە زۆر گرنگە و باسی چەندان دۆسیەی هەستیاری تیادا دەكرێت، لەوانە بۆردمانەكانی هەرێمی كوردستان دۆسیەی حزبەكانی رۆژهەڵات و پابەندییەكانی بەغدا و هەولێر بە رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی لەگەڵ ئێران، جیا لە هێرشە درۆنیی گرووپە چەكدارەكان و تەنگژەی نێوان بەغدا و هەولێر و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، كە هەرێم رەتیان دەكاتەوە و دۆسیەی تریش، هەموو ئەوانە پێویستیان بە پاڵپشتی و گەرەنتی ئێران هەیە، بەتایبەتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشی گرووپە چەكدارەكان و شێواندنی ئارامیی هەرێم و زیانگەیاندن بە كەرتی ئابووری و وزەی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل