حوسییەكان و قاعیدە لێك نزیك دەبنەوە.. چی روودەدات؟

:: PM:06:55:05/05/2024 ‌

لە زۆرینەی ناوچەكانی دەوڵمەند بە سەرچاوەكانی وزە، وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رووداو و ململانێی زلهێزەكان گەرمە، ئەوان بۆ دۆزینەوەی پاساو بۆ هاتنیان بە ناوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەكە و لەو رێگەیەوە دەستگرتن بەسەر سەرچاوەی وزە و زیادكردنی هێزی سەربازی لە دەریا و بنكە سەربازییەكان، دەبێت ململانێی و شەڕ و مەترسی دروست بكەن، بە تایبەتی بزاوە توندڕۆ و تیرۆریستییەكان، ئێستە لە یەمەن قاعیدە و حوسییەكان رێك كەوتوون، بەڵام بەنیازی چین؟

راپۆرتێكی رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی ئاشكرای دەكات كە ئێستە حوسییەكانی یەمەن دەستیان كردووە بە هاریكاری لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە لە نیوچە دوورگەی عەرەبی، لە رێگەی دانی درۆن بە قاعیدە و ئاڵوگۆڕكردنی گیراوانیان، لە هاریكارییەك بۆ مسۆگەركردنی مانەوەیان و بەهێزركدنی دەسەڵاتیان بەرانبەر بەو هەڕەشانەی دووچاری دەبنەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەمەریكا و سعوودیە و ئیماراتەوە.

شارەزایان پێیان وایە ئەگەرچی رێكخراوی قاعیدە لە ساڵانی دوایی لاواز بووە، بەڵام هاریكاریی لەگەڵ حوسییەكان، كێشە و مەترسییەكانی ناوچەكە زیاتر دەكات، بەتایبەتی لە سایەی بەڕدەوامیی شەڕی غەزە و رێككەوتنی هاوبەشی تەناهی چاوەڕوانكراوی ئەمەریكا و سعوودیە و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان ریاز و تەلئەبیب، كە رەنگە وا پێویست بكات دۆخی یەمەن یەكلا بكرێتەوە و حوسییەكان بە بەتەواوەتی لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە، بۆیەش ئەمەریكا هێزێكی زۆری لە دەریاكانی ناوچەكە كۆ كردووەتەوە.

رۆژنامەكە پێی وایە قاعیدە لە هێرشەكەی ئەم هەفتەیەی یەمەن بەرپرسیار بێت كە لە رێگەی بۆمبێكەوە بوو و بووە هۆی كوژرانی شەش سەربازی سەر بە ئەنجوومەنی كاتیی باشوور، لە باشووری یەمەن و ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ بەردەوامیی چالاكییەكانیان، لەگەڵ ئەوەی سروشتی ئەو هاوبەشییە كتوپڕەی نێوان دوو گرووپەكە تا ئێستە روون نییە، بەڵام بەڵگە لەسەر هاریكارییان هەیە، ئەگەرچی جیاوازیی مەزەوی و ئایدۆلۆجی گەورە لە نێوانیان هەیە.

رۆبن داس، توێژەر دەڵێت، بەهۆی ئەوەی تواناكانی رێكخراوی قاعیدە بۆ پەرەپێدانی درۆنەكان سنووردارە، بەتایبەتی دوای كوژرانی شارەزاكانی ئەو بوارەی، بۆیە پێویستی بە هاریكاریی دەرەكی هەیە، واتە لەلایەن حوسییەكانەوە، لەوانە لەلایەن ئەبو ئوسامە دەیانی، سەركردەی توندڕۆی قاعیدە لە یەمەن كە پێوەندی باشی بە حوسییەكانەوە هەیە.

محەمەد نەقیب، گوتەبێژ بە ناوی هێزە چەكدارەكانی باشوور بە رۆژنامەی "فاینانشیەڵ تایمز"ی گوت، حوسییەكانی پاڵپشتیی لۆجیستیان پێشكەش بە قاعیدە كردووە، لەوانە مووشەكی گەرمی و درۆن و ئامراز و كەرەستەی چاودێری، بەر لە چەند مانگێك هەردوو گرووپ ژمارەیەك گیراوانیان لای یەكتر ئاڵوگۆڕ كردووە، لەوانە حوسییەكان قەعقاع بیهانی و موەحید بەیزانییان بەرانبەر بە دوو چەكداری خۆیان ئازاد كردووە، جیا لەوانە وەك دانیشتووانی یەمەن باسی دەكەن شەڕ و پێكدادانیان كۆتایی پێ هێناوە.  

هاووڵاتییەكی یەمەن باسی ئەوە دەكات كە چەكدارانی قاعیدە چەند خاڵێكی پشكنینی تەناهییان لەسەر رێگەی نێوان شەبووە و پارێزگای بەیزا لە باشووری رۆژهەڵاتی یەمەن داناوە و ئاڵای خۆیان لەسەر هەڵداوە، هەر لەسەر هەمان رێگە و لە دووری چەند كیلۆمەترێك، خاڵی پشكنینی حوسییەكان هەیە و ئەوانیش ئاڵای خۆیان هەڵداوە، بۆیە ئەوان لە دۆخێكی ئارام بێ كێشە لەگەڵ یەكتر دەژین و رووبەڕووی یەكتر نابنەوە، بە كورتی هاریكاریی نێوانیان روو لە زیادبوونە.

لەوەش زیاتر عەلی بەداح، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان لە ناوچەی ئەنجوومەنی گوێزەرەوەی باشوور دەڵێت، ئێستە هەردوولا بەیەكەوە شەڕ دەكەن و ئەبو قوسەی سەنعانی، كە فەرماندەیەكی حوسییەكانە، لە شەڕێك لە پاڵ چەكدارانی قاعیدە لە 2022 كوژراوە، ئەو بەر لە كوژرانی چەك و خۆراكی بە چەكدارانی قاعیدە داوە لە وادی عەمران داوە، كە ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی رێكخراوەكەیە لە یەمەن.

فرناند كارفەخال، شارەزای كاروباری یەمەن دەڵێت، روونە كە لە ناو شەڕی ناوخۆی یەمەندا بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان هەردوو گرووپ هەیە، بەتایبەتی لەناوبردنی خواستی جیاخوازیی باشووری ئەو وڵاتە، بۆیە حوسییەكان لە رێگەی هاوپەیمانیكردن لەگەڵ قاعیدە دەیانەوێ كۆنترۆڵی تەواوی خاكی یەمەن بكەن، لەوكاتەی قاعیدە بە دوای دۆزینەوەی شوێنێكی ئارامە بۆ خۆی.

ئەیاد قاسم، شرۆڤەكاری تەناهیی یەمەنی دەڵێت، كەناراوەكانی یەمەن هەڵێكی زێڕینە بۆ رێكخراوی قاعیدە و دەتوانێت هێرشەكانی لەو ناوچەیە فرەوانتر بكات و سوود لە پێویستیی حوسییەكان بەوان ببینێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشارەكانی ئەمەریكا و رۆژئاوا لەسەریان، بەتایبەتی بەهۆی هەڵوێستیان لە شەڕی غەزە، بۆیە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی گوشارەكانی سەر حوسییەكان، ئەگەری هەیە قاعیدە پەنا بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئاوی نێودەوڵەتی یان هاوشێوەی هێرشەكانی پێشووی لە وڵاتان ببات. 

بەگشتی ئەوەی لە یەمەن روو دەدات وەك ئەو چێشتەیە لەسەر ئاگرێكی كزدا دەكوڵێت و رۆژێك پێ دەگات، لەلایەك ئەمەریكا هێز كۆ دەكاتەوە و نزیكە لە رێككەوتنی تەناهی و بەرگریی هاوبەش لەگەڵ سعوودیە، لەلایەكی تر پێوەندییەكانی ریاز و تەلئەبیب ئاسایی دەكاتەوە، كە حوسییەكان كارتی گوشاری ئێرانن بۆ رێگرتن لەو ئاساییكردنەوە، بۆیە ئەگەری هەیە بۆ رازیكردنی سعوودیە پێویست بە دوورخستنەوەی حوسییەكان لە دەسەڵات لە یەمەن و دانانی حكوومەتێكی ددانپێدانراو بكات، كە هاوكات مەترسی و گوشارەكان لەسەر رێڕەوی بازرگانیی نێودەوڵەتیش كەم دەبێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل