"بەغدا زیاتر لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەیەوێ بڕیارەكانی بەسەر هەرێم بسەپێنێت"

:: PM:09:19:07/05/2024 ‌

لەوەتەی بەغدا مووچە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، هەموو مانگێگ لە 10 رۆژەوە تا دوو هەفتە، ناردنی پارەكەی بە بیانوویەك دوا خستووە، ئەوەش دەری دەخات كە ئامانجی بەغدا ئەوەیە هەموو هەرێمی كوردستان بە مووچەوە سەرقاڵ بكات، تا وا بكات حكوومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەكانی خۆی بكا و دەسەڵاتەكانی كەم بكاتەوە.

 شارەزا و پەرلەمانتاران باس لەوە دەكەن هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە و دەبێت هەر كێشەیەك هەبێت بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێت، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات، شتێكی خراپە و ئامانجەكەی ئەوەیە دەیەوێ هەرێمی كوردستان لاواز بكات، دەیەوێت بە گوشار بڕیارەكانی بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنێت.

لەو بارەوە هێمن سەعید، شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، لەكاتێكدا هەموو هەوڵی بەغدا ئەوەیە هەرێمی كوردستان لاواز بكا و لە پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات، بەڵام هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دنیا، مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ و حیسابی بۆ دەكرێت، ئەمەش لەلایەن بەغداوە قبووڵكراو نییە، بۆیە هەمیشە بە دوای ئەوەوەیە چۆن حكوومەتی هەرێمی كوردستان لاواز بكات.

زیاتر گوتی، بەغدا مامەڵەیەكی خراپ و دوور لە بەها مرۆییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، بەهۆی دواخستن و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆی و جێبەجێنەكردنی یاسای بودجە و چەندان مافی تری خەڵكی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوور، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بە بەردەوام ئامادەیی خۆی پێشان داوە بۆ ئەوەی كێشەكانی هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا كۆتاییان بێت.

لای خۆیەوە د.جیهان حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی كێشەی مووچەی فەرمانبەران و بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەغدا دەیەوێ بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، ئەوەندەی ئەوە مەبەستیەتی ئەوەندە بە دوای ئەوەوە نییە كە كێشەكە بە شێوەیەكی لێكتێگەیشتن چارەسەر بكات، هەرێمی كوردستانیش لەوبارەیەوە هەردەم داوای ئەوە دەكات كێشەكان بە شێوەی لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن نەك جێبەجێكردنی بڕیارەكانی بەغدا بەسەر هەرێم.

باسی لەوەش كرد، پێویستە بەغدا ئەوە بزانێت كە هەرگیز ناتوانێت بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنێت، چونكە هەرێمی كوردستان دەستورییە و بەغداش ئەوە باش دەزانێت، ئەگەر بەغدا ئەوەندە بە دوای ئەوە نەبوایە هەرێمی كوردستان بخاتە ژێر بڕیارەكانی خۆی و ئەوەندە بە شێوەیەكی سیاسییانە كاری نەكردایە، دەمێك بوو كێشەكان چارەسەر كرابوون، بۆیە بەغدا هیچكات پابەندی رێككەوتنەكان و نیازپاك نەبووە بەرانبەر بە هەرێم، بەڵام هەرێم بەردەوام نیازپاكیی خۆی پێشان داوە.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان روونی كردەوە، ئەوەی بەغدا دەیكات زیاتر ئەوەیە كە بیەوێ هەرێم ملكەچی بڕیارەكانی خۆی بكات، بەغدا دەیەوێ هەرێم ژێردەستە بكات، مووچە و قووتی فەرمانبەرانی هەرێم بە رەوا نابینێت، مووچە دەداتە فەرمانبەرانی عێراق، بەڵام هی هەرێم نەك بەپێی یاسای بودجە، ئامادەش نییە تەنیا پارەی مووچەكەیان بۆ بنێرێت، رێككەوتن و كۆتاهێنان بە كێشەكان لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنە نەك سەپاندن و زۆرەملێ.

پێوەست بەو باسە هەرێم شێخ جەمال، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا ئامانجی ئەوە بووە چۆن پێگەی هەرێم لاواز بكات، بۆیە دوای چەندانجار لە چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەت، بەڵام بەغدا بۆ هەموو مانگێك كێشە دروست دەكات، بۆیە ئەگەر یەكگوتاری و یەكڕیزیی ناوخۆیی هەبێت، بەغدا ئەوەندە بوێر نییە ئەوەی دەیەوێ بیكات، بەڵام كۆمەڵێك پەرلەمانتار و حزب بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هیچ بیریان لای یەكڕیزی و بەرژەوەندیی میللەت و بگرە كوردستانیش نییە، خەڵك ناڕازی بوون لەوەی حكوومەتی هەرێم دەیكرد، لەوكاتەی لە سایەی بەغدا چی نەما بە فەرمانبەرانی نەكات.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل