چاودێرێكی سیاسی: جارێكی تر یەكێتیی جگە لە شەرمەزاری هیچی بۆ نەمایەوە

:: PM:10:05:08/05/2024 ‌

چاودێرێكی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەموو وێستگەكانی ژیانی سیاسیدا دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان وەستاوەتەوە، بەڵام لە هەمووی جگە لە شەرمەزاری هیچی تری بۆ نەماوەتەوە، لەوانە لە 16ی ئۆكتۆبەر و پرسی بەجێكردنی مووچە و دادگای فیدراڵی و و هەڵبژاردن.

شادمان هەورامی، پارێزەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی هەر لە دروستبوونیەوە، كۆمەڵێك پرس هەبووە خۆی پێوە هەڵواسیوە تەنیا بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی حزبی بە دەست بێنێت، كەچی لە كۆتادا شەرمەزاری بۆ ماوەتەوە، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 یەكێتی كەركووكی رادەستی دوژمن كرد، كە بە ناپاكیی سەردەم ناو نرا، بەڵام دوژمنان نەك وەفایان بۆی نەبوو، بگرە پشتیان لێی كرد و بە تەواوەتی لەو شارە چەكیان كرد، دوای هەڵبژاردنی پارێزگاكەش نەیتوانیوە پاش پێنچ مانگ پۆستی پارێزگار یەكلا بكاتەوە و عەرەبەكان پشتیوانیی ناكەن.

روونی كردەوەن لە پرسی "هەژماری من"، یەكێتی دژی وەستایەوە و پشتیوانی لایەنە عێراقییەكان بوو و داوای بەجێكردنی مووچەی لە بەغدا دەكرد، كەچی لەمەشدا دۆڕا و ئیرادەی حكوومەتی هەرێم بەسەر هەموو ئەو دژایەتییانەی بەرەوپێشبردنی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات و دارایی و بەجێكردنی مووچە سەركەوت، بانكە گەورە بازرگانییەكانی عێراق هاتنە ناو "هەژماری من" و حكوومەتی عێراقیش بە فەرمی ددانی بە "هەژمانی من" دانا، بەوەش جارێكی تر یەكێتیی جگە لە شەرمەزاری هیچی بۆ نەمایەوە.

هەورامی دووپاتی كردەوە، یەكێتی بە دەستلەپشتدانی چەند لایەنێكی حزبیی شۆڤێنیی عێراقی، لە دادگای فیدراڵی سكاڵای دژ بە كورسیی كۆتاكان و سیستمی هەڵبژاردنی كوردستان تۆمار كرد، هەرچەندە بڕیارەكانی دادگا بەو ئاراستەیە رۆیشت كە یەكێتی دەیویست، بەڵام بینیمان چۆن بە پێداگریی پارتی توانرا تەواوی پلانەكان شكست پێ بهێنرێت و ئەو دیزاینی هەڵبژاردن و فرتوفێڵانەی هەبوو شكست بێنن و دادگا و حزبەكانی هاوپەیمانی لە بەغدا پشتیان لە یەكێتی كرد، بۆیە دەتوانین ئەوە بڵێن كە دیسان دۆڕایەوە.

"یەكێتی هەموو رێگەكان تاقی دەكاتەوە بۆ خۆخستنە باوشی دوژمن، تەنیا بۆ ئەوەی زیان بە پارتی و كوردستان بگەیەنێت، یەكێتی پارتییەكی لاواز بە كوردستانێكی لاواز دەبینێت و پارتییەكی بەهێز بە كوردستانێكی بەهێز دەبینێت، بۆیە دەبینین ئەو هەموو پلان و كارانەی شكست دێنن و ئەو حزبە جگە لە شكست و شەرمەزاری لەبەردەم میللەت و دوژمنیش هیچی تری پێ نابڕێت"، شادمان هەورامی، پارێزەر و چاودێری سیاسی وا دەڵێت.

هەڵەبجە/ عەزیز رەسووڵ


وشە - تایبه‌ت