توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە كە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام زۆرترین زیان و مەترسی بە تەندروستی مێشك دەگەیەنێت و ڕووبەڕووی زۆرترین كێشە و نەخۆشی دەكاتەوە.
ئەو توێژینەوەیە لەلایەن شارەزایان كۆمەڵكەی خاوەنداریەتی تەندروستی گشتی بەریتانیا ئەنجام دراوە، تێیدا لە كاریگەری تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بۆ سەر مێشكی مرۆڤ توێژینەوەیان كردووە و دەركەوتووە، ئەوانەی زۆرترین كاتەكانیان لە ئینستاگرام بەسەر دەبەن، بەردەوام هەستەوەر و تەنیا و ڕەشبینن، تووشی دوودڵی و نیگەرانی ماوەدرێژیش دەبن.
لە توێژینەوەكە هەزار و 500 كەس وەك نموونە بۆ توێژینەوە لەسەركردن وەرگیراون و تەمەنیان لە 14 تا 24 ساڵیدایە، داوایان لێ كراوە كە زانیاری بخەنە ڕوو كە هەریەك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی چ كاریگەرییەكی لەسەر پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و تەندروستی و پشوودانیان دروست كردووە.
لە ئەنجامی سەیركردنی وەڵامی ئەو هەزار و 500 كەسە دەركەوتووە كە زۆرینەیان هەست بە ڕەشبینی و دوودڵی بەردەوام دەكەن و لە ڕووی دەروونییەوە تووشی شڵەژان و تێكچوون دەبن و خەو و پشوودانیان بە تەواوی تێك دەچێت و گۆشەگیر و تەنیا دەبن، زۆرترینیشیان لەكاتی بەكارهێنانی ئینستاگرام ئاماژەیان بە تووشبوون بەو حاڵەتانە داوە.
دوای ئینستاگرام، سناپ چات بە دووەم تۆڕی كۆمەڵایەتی دادەنرێ كە زیانی زۆری بە تەندروستی و مێشكی بەكارهێنەرانی گەیاندووە و پاشان فەیسبووك و تویتەر و یوتیوب لە ڕیزبەندی سێیەم و چوارەم و پێنجەم دێن.