ئابووری قەتەر لە بەردەم مەترسیدایە

:: PM:05:11:05/06/2017 ‌

 

ئەمڕۆ دوای ئەوەی هەر یەک لە وڵاتانی سعوودیە، بەحرێن، ئیمارات و میسر سەرجەم پێوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند، ئابووری قەتەر تووشی نشێوی بووە و لە رۆژانی داهاتوودا دەردەکەوێت ئەو وڵاتە دەتوانێت کاریگەرییەکانی نەمانی ئەو پێوەندییە پووچەل بکاتەوە یان نا.

 

 هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پچڕانی پێوەندی چوار وڵاتەکە، هاووڵاتیانی قەتەر رژانە نێو مارکێت و فرۆشگاکان و ویستیان هەرچی زووە زۆرترین پێداویستی خۆراک بۆ خۆیان دابین بکەن، لە ترسی ئەوەی نەکا وڵات تووشی تەنگژەی دارایی و کەم خۆراکی ببێتەوە.

 

بە گوێرەی "میزان" لەمڕۆ بەیانییەوە دووکان و بازاڕ و مۆڵەکانی قەتەر جمەیان دێت لە خەڵک  و پێداویستی زیادە دەکڕن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە.

 

یەکێک لە کڕیارەکان بە "دەوحە نیوز"ی گوتووە هەرگیز دیمەنی لەم شێوە قەرەباڵغەی لە مارکێتان نەبینیوە و خەڵک بە شێوەیەکی نائاسایی شتومەک دەکڕن. هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کۆمەڵێک وێنە لەسەر ئەو دۆخەد بڵاو کراوەتەوە و نووسراوە خەڵک زیاتر لە هەر شتێک گۆشت دەکڕن.

 

سەرەڕای ئەمە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بڵاوی کردەوە داخرانی سنورەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان نابێت و حکوومەت هەموو هەوڵێکی خۆی بەگەڕ دەخات تا کاریگەرییەکانی ئەو هەنگاوەی چوار وڵاتی عەرەبی گرتوویانەتە بەر، پووچەڵ بکاتەوە.

 

رێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی دنیا بەرز بووەوە و نزیکەی دۆلارێک لە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت هەڵکشا. هەڵبەت دواتر نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردەوە و ئێستە هەر بەرمیلێکی بە ٤٩ دۆلار و ٤٦ سەنت دەفرۆشرێت.

 

هەر ئەمڕۆ دووشەمە زۆرێک لە گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر داخران و بەهای پشکەکانی ئەو وڵاتەش دابەزینی تۆمار کرد.

 

"دۆیچەوێلێ" بڵاوی کردەوە کۆمپانیای فرۆکەوانی "ئیتیحاد" کە سەر بە حکوومەتی شانشینی یەکگرتووی عەرەبییە  وەک هەڵوێستێک دوای پچڕانی پێوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و قەتەر سەرجەم بەرنامەکانی گەشتی ئاسمانی خۆی لەگەڵ قەتەر راگرت و گوتی لە بەیانی رۆژی سێشەمەوە تا کاتێکی نادیار هیچ گەشتێکی بۆ قەتەر نابێت و بژاردەی تر دەخاتە بەردەم کڕیارەکانی.

 

لە لایەکی ترەوە دوای بڕیاری چوار وڵاتەکە پێنوێنی بۆڕسەی قەتەر دابەزی و گەورەترین گورزیش بە ڤۆدافۆن کەوت و بەهای پشکەکانی ٨.٩% دابەزینی تۆمار کرد. بەهای پشکەکانی بانکی نیشتیمانی قەتەریش کە بە گەورەترین بانکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت بە رێژەی ٤.٦% دابەزی.

 

میسر دەیان ماڵپەڕی پێوەندیدار بە قەتەری بلۆک کرد، یەکێک لەوانە پۆرتاڵی تەلەڤزیۆنی جەزیرەیە کە بە تەلەڤزیۆنێکی کاریگەر لە دنیای عەرەبی هەژمار دەکرێت.

 

سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی کشتوکاڵی لە ئێران ئاشکرای کرد کە قەبارەی هەناردەی کەلوپەلی خۆراکی و کشتوکاڵی لە رێگەی سێ بەندەری باشووری ئێرانەوە بۆ قەتەر بەرز دەکەنەوە و رێگری لە هەر جۆرە کەمبوونێکی خۆراک لە قەتەر دەگرن.

 

قەتەر لە رووی جوگرافییەوە نیمچە دوورگەیە و بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابوورییەکەی زیاتر پشت بە سعوودیە دەبەستێت کە سنووری وشکایی لەگەڵدا هەیە.

 

 ئەو وڵاتە لە باکوور لەگەڵ بەحرێن لە رۆژئاوا لەگەڵ سعوودیە، لە باشووور لەگەڵ ئیمارات و لە رۆژهەڵاتیش لەگەڵ ئێراندا هاوسنوورە.

 

زمانی فەرمی قەتەر عەرەبییە و ئینگلیزی زمانی دووەمی ئەو وڵاتەیە. ژمارەی دانیشتووانی قەتەر سەرووی دوو ملیۆن کەسە و دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ئەو وڵاتە رەگەزی وڵاتی تریان هەیە و بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری کرێکاری کۆچبەر روویان لەو وڵاتە کردووە یەک لەسەر چواری ژمارەی دانیشتووانی قەتەر لە ئافرەت پێکدێن.

 

بە گوێرەی "ویکیپیدیا" قەتەر بە گازی سروشتی دەوڵەمەندە و گۆڤاری فۆربێس بە دەوڵەمەندترین وڵاتی دنیای هەژمار کردووە. پیش ئەوەی نەوت لە قەتەر بدۆزرێتەوە خەڵکی ئەو وڵاتە بە مرواری و بازرگانی دەریایی خەریک بوون.

 

تا ساڵی ١٩٧١ قەتەر لە ژێر سەرپەرەشتی بەریتانیا دابوو و  و دوای ئەوەی سەربەخۆیی وەرگرت بەهۆی سامانی دەوڵەمەندی نەوت و گاز بووە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا.

 

پێناچێت ئەو چوار وڵاتە عەرەبییە قەتەر تووشی قەیرانی ئابووری بکەن چونکە هەڵکەوتەی جوگرافی قەتەر جۆرێکە لە سەر دەریای ئازادە و دەستی بە پێداویستییەکانی رادەگات بەو جیاوازییەی لەوانەیە بە نرخێکی زیاتر لەسەر تەواو بێت.

 

ئەو گوشارانەی خراونەتە سەر قەتەر دوای ئەوە دێت كە شای قەتەر لە گفتوگۆیەكی تەلەفونی لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران، پێداگری لە بەهێزتركردنی پێوەندییەكانی كردبوو. پێشتریش شای قەتەر گوتبووی ئێران هێزێكی ئیسلامییە و لۆجیكی نییە دوژمنایەتی ئەو وڵاتە بكرێت.

 

 

 

 

 

 



وشە - سلێمان تاشان