ڕۆژنامەی واشنتن پۆست: دەوڵەتی كوردستان گەڕانەوەی نییە و دروست دەبێ

:: PM:12:00:05/07/2017 ‌

نووسەرێكی ئەمەریكی لە ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" ئاماژە بەوە دەكات كە پێویستە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بن، چونكە دامەزراندنی دەوڵەتەكە هەر ڕوو دەدات، ئەمەریكاش دەبێ بە گرنگییەوە سەیری بكات، چونكە كوردەكان متمانە پێكراوترین هاوپەیمانی ئەمەریكان لە ناوچەكەدا، ئەگەر پشتیوانیشی نەكەن، ئامانجی ئەمەریكا لە سەپاندنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە كۆتای نایەت، بە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە ناوچەكە ئاشتی تێدا بەرقەرار دەبێت.

ڕۆناڵد ئێچ گریفس ئارلینگتن لە ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی وتارێكی لە ژێر ناونیشانی "پێویستە ئەمەریكا پشتیوانی جموجۆڵەكانی كورد بەرەو سەربەخۆیی بكات" و تێیدا دەڵێ، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 29ی حوزەیران/یۆنیۆ گوتی، پێویستە گەلی كوردستان دەنگ بدەن لە ڕیفراندۆم تا بگەین بە سەربەخۆیی، كوردەكانی عێراق باشترین هاوڕێی متمانە پێكراوی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، ئەوان بە ئازایەتی و چاونەترسانەوە شەڕی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان كرد.

نووسەر دەڵی، هەرچەندە بەغدا كۆمەكێكی ئەوتۆی نەكردن، بەڵام ئەوان شكستیان بە داعش هێنا، بەداخەوەش ئەمەریكا نەوایەكی بە كەمایەتییە زوڵم لێكراوەكان بەخشیوە، كە ئەوان تەواو پابەندی بەها مرۆیییەكانن و كۆكن و سوورن لەسەر پابەندبوون بە بەها و مافە مرۆیییەكان. 
هەروەها دەڵێ، كوردەكان ئێسته دەستیان بە جموجۆڵ كردووە و داوای سەربەخۆیی دەكەن و دەیانەوێ ببن بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، پێویستە سەرۆكی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا بە تەواوی پشتیوانییان لێ بكەن، هاووڵاتییانی كوردستان لە ڕیفراندۆم دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن، پێویستە ئەمەریكا و ئەوروپا بەشدار و پشتیوانی ئەو ڕیفراندۆمە بكەن.

نووسەر دەڵێ، ئەگەر ئەمەریكا پشتیوانی سەربەخۆیی و ئەو ڕیفراندۆمە نەكات كە بارزانی دەیەوێ بەشێوەیەكی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا لە یەكتر جیا ببنەوە، ئەوا ئەمەریكا شكست دێنێت لە چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە، پرۆسەی سیاسی و ئارامی ناوچەكە هاوشێوەی دەوڵەتی یوگسلافیای پێشووی لێ دێ، فەرماندە و دیكتاتۆرەكانی جەنگ لە ناوچەكە شارەكان وێران دەكەن و بە هەزاران لە كەمینەكان كۆتای پێ دێنن، سەرەنجامیش هەر جیابوونەوە ڕوو دەدات. 

لە كۆتادا ئارلینگتن ئاماژەی داوە، ئێستە كوردەكان لە قۆناغی ڕاگوزەرن بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە عێراق، هیچ گومانی تێدا نییە ئەم هەنگاوانە، بەڵام ئایا ئەم پرسە تا چەند لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا یەك دەگرێتەوە و چ كاریگەرییەكانی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دادەنێت، ئەمە دەبێتە بنەما بۆ ئەمەریكا كە پشتیوانی یان دژایەتی ئەو پرۆسەیە بكات.

سەرچاوە/واشنتن پۆست.



وشە - باز ئه‌حمه‌د