پارەی خوێندنی كەسوكاری شەهیدان دابەش دەكرێت

:: AM:10:46:15/07/2017 ‌

بەمەبەستی هاندانیان بۆ خوێندن، ساڵانە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بڕێك پارە بۆ كەسوكاری شەهیدان خەرج دەكات، بەڕێوەبەری گشتیی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە سلێمانی دەڵێت، خەرجكردنی پارە لە ڕۆژی یەكشەم دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی تەمووز، مەلا بەهادین بەڕێوەبەری گشتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، قوتابییانی كەسوكاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، دەتوانن لە ڕۆژی یەكشەم سەردانمان بكەن بۆ وەرگرتنی پارەی خوێندنی كۆلێژەكەیان بۆ ساڵی خوێندنی 2015 بۆ 2016.

بەڕێوەبەری گشتیی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی دەڵێت، لە ئێستە بڕی ئەو پارەیەی هاتووە بەناوی 137 خوێندكارە كە قوتابین لە كۆلێژی جیهان و دوای چەند ڕۆژێكی تریش پارە بۆ 27 خوێندكاری تر هەیە خەرج دەكرێت لە كۆلێژەكانی تر.

مەلا بەهادین ئاشكرای كرد، پێدانەوەی پارەی خوێندنی قوتابییان بەردەوامی هەیە و مانگی ڕابردووش پارەی 162 قوتابی خەرج كراوە، ئێستە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئامادەكردنی لیستی خوێندنی ساڵی 2016 بۆ 2017.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی كارئاسانی بۆ كەسوكاری شەهیدان، ساڵانە كرێی خوێندنی زانكۆ ناحكوومییەكان لە ئەستۆ دەگرێت، ساڵی ڕابردووش لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 500 قوتابی كرێی خوێندنیان لە ئەستۆی حكوومەت بوو.



وشە - رامیار جەواد