ژنێك له ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین به‌هۆی قه‌رزه زۆره‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه هه‌راسان بووه، هاوسه‌ره‌كه‌ی قه‌رز له هه‌ر شوێنێك ده‌كات ناونیشانی ماڵه‌وه‌ی پێ ده‌دات و ده‌ڵێت بڕۆن له ماڵه‌وه خێزانه‌كه‌م قه‌رزه‌كانتان ده‌داته‌وه، ئێسته هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره له‌سه‌ر ژیانی ژنه‌كه و دوو منداڵه‌كه‌ی دروست بووه له‌لایه‌ن خاوه‌ن قه‌رزه‌كانه‌وه.
نیگار دانیشتووی شاری ڕانیه /100كم باكوری سلێمانی/ خاوه‌نی دوو كوڕه و "محه‌مه‌د"ـی هاوسه‌ری له كۆمپانیایه‌ك كاری شۆفێری ده‌كات، به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه له مانگێكدا 10 رۆژ له ماڵه‌وه‌یه و كاته‌كانی تری به ئیشه‌وه خه‌ریكه، به‌ڵام هه‌ر دوای ده‌یه‌مین رۆژی پشووه‌كه‌ی كه ده‌چێته‌وه سه‌ر كار، به‌دوایدا یه‌ك له دوای یه‌ك، خاوه‌ن قه‌رز ده‌رگه له نیگار ده‌گرن.
ئه‌و كه ئێسته له خانووی كرێدا ده‌ژی و بژێوی خۆی و دوو منداڵه‌كه‌ی له ڕێی ئه‌و خێر و یارمه‌تییانه‌وه دابین ده‌كات كه خه‌ڵك و خزمانی پێی ده‌ده‌ن، زۆربه‌ی ناو ماڵه‌كه‌یشی فرۆشتووه بۆ بژاردنی قه‌رزی هاوسه‌ره‌كه‌ی، به‌ڵام خاوه‌ن قه‌رزه‌كان له‌وه زۆرترن به فرۆشتنی شمه‌كی ماڵ چاره‌سه‌ریان بكات.
نیگار به‌گوته‌ی خۆی، ماوه‌ی ١٢ ساڵه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د كردووه و ده‌ڵێ، "هیچ نه‌ماوه به‌سه‌رم نه‌هێنێت، سه‌ره‌تا خاوه‌نی خانوو و ئۆتۆمبێل بووین و كاری زۆر باشی هه‌بوو، دواتر هه‌ر جاره و به بیانوویه‌ك ئۆتۆمبێلی ده‌كڕی و ده‌یفرۆشته‌وه تا ئۆتۆمبێلی نه‌ما، دوای چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ ژنێكی هاوسه‌ردار له ماڵی ژنه‌كه گیران، دواتر به سوڵحی عه‌شایه‌ری بابه‌ته‌كه داخرا، به‌ڵام ١٠ ده‌فته‌ر دۆلارمان دا به ماڵی هاوسه‌ری ژنه‌كه، هه‌ر ئه‌وكات خانووه‌كه‌شمان نه‌ما و بووین به كرێچی".
ژیانی نیگار به‌م جۆره به‌رده‌وام ده‌بێت و محه‌مه‌د خۆی به‌ری ده‌كات له هه‌موو كارێك كه ئه‌نجامی ده‌دات و ده‌یداته پاڵ كه‌سی تر. نیگار ده‌ڵێ، "هه‌ركات ده‌مگوت ئه‌و كاره ئه‌نجام مه‌ده بۆ دواڕۆژت خراپه، هه‌زار جنێوی ناشیرینی پێم ده‌دا، دواتر تا ماندوو ده‌بوو به‌قایش و شه‌ق و زله لێی ده‌دام، هه‌ڵبه‌ت ئێسته ئه‌و لێدان و سووكایه‌تی پێكردنه‌ی به‌رده‌وامه".
له ماوه‌ی هه‌شت ساڵدا محه‌مه‌د شه‌ش جار ماڵی بار ده‌كات بۆ ناوچه‌ی جیاواز. نیگار ده‌ڵێ، "دڵنیام له‌به‌ر قه‌رزاری یا هه‌بوونی پێوه‌ندی بووه له‌گه‌ڵ كچ و ژنی تردا، بۆیه له كاتی دروستبوونی كێشه‌دا ناچار بوو له‌و شوێنه نه‌مێنین".
دواجار نیگار له‌لای باوك و ئامۆزاكانی محه‌مه‌د شكات ده‌كات و ئه‌وانیش ده‌یگێڕنه‌وه بۆ ڕانیه، ئیتر له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت، به‌ڵام كاری خراپتر چاوه‌ڕێی ده‌كات.
نیگار كه ئێسته هیچ كار و كردارێكی هاوسه‌ره‌كه‌ی نایخاته سه‌رسوڕمانه‌وه، زۆر به ساده‌یی باسی كاره‌كانی محه‌مه‌د ده‌كات و ده‌ڵێت، "زیاتر له 100 جار له‌گه‌ل ژنی خه‌ڵكدا پێوه‌ندی هه‌بووه و من پێم زانیوه، چه‌ند جار منی له ماڵ ده‌ركردووه و ئافره‌تی هێناوه‌ته ماڵه‌وه، كوڕه‌كانم ئاگاداری ئه‌و كارانه‌ن، كاتێكیش قسه ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده لێم ده‌دات تا لێواری مردنم ده‌بات، به‌ڵام ئه‌وی ماوه‌ی چوار ساڵه منی زۆر هه‌راسان كردووه، ئه‌وه‌یه محه‌مه‌د هه‌رچی ده‌ستی ده‌كه‌وێت ده‌چێت له ئافره‌تی تردا خه‌رجی ده‌كات، ته‌نانه‌ت یه‌ك دیناریش نه ده‌دات به من نه منداڵه‌كان، خه‌رجی ماڵی ئێمه له‌سه‌ر خێر و یارمه‌تی كه‌سوكاره، ئه‌گه‌ر نا منیش و منداڵه‌كانیش ده‌مرین له برسان".
نیگار تا ئێسته نازانێت هاوسه‌ره‌كه‌ی مووچه‌ی چه‌نده، چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "قه‌ت ڕووی نه‌داوه بیهێنێته ماڵه‌وه و بۆ ئه‌وانی خه‌رج بكات"، به‌ڵام كێشه‌كانی هه‌مووی یه‌خه‌ی نیگار ده‌گرن، چونكه ماوه‌یه‌كی زۆره خاوه‌ن قه‌رزه‌كان نیگاریان هه‌راسان كردووه و داوای قه‌رزی مۆبایل و مۆبیلیاتی ناوماڵ و زێڕ و ته‌نانه‌ت پاره‌ی مانگانه‌ی ماركێته‌كانیش به‌رده‌رگه‌ی پێ ده‌گرن.
نیگار ده‌ڵێت، "سه‌ره‌تا كه هاتن بۆ پاره‌ی مۆبایلێك كه به ٧٠٠$ كڕیبووی، تووشی شۆك بووم، ئیتر له دوای ئه‌وه هه‌رچی هاتووه ده‌ڵێ، محه‌مه‌دی هاوسه‌رت گوتوویه‌تی پاره‌كه له نیگار وه‌ربگره".
"جارێكیان یه‌كێك له خاوه‌ن قه‌رزه‌كان پێی گوتم مادام هاوسه‌ره‌كه‌ت ناونیشانی ماڵی داومه‌تێ و خۆی لێره نییه، كه‌واته ده‌بێت من له بری ئه‌و ٢٥ وه‌ره‌قه‌یه یان تۆ به كرێ بده‌م یان تۆ خۆت به‌شێوه‌یه‌كی تر قه‌ره‌بووی بكه‌یته‌وه، چه‌ند كه‌سێكی تریش كه ئۆتۆمبێلی لێ وه‌رگرتبوون دواتر بۆی نه‌گه‌ڕاندبوونه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ی فڕاندنی منداڵه‌كانم لێ ده‌كه‌ن یان ئه‌وه‌ی ده‌بێت من بۆ كاری خراپ له‌گه‌ڵیان ڕێك بكه‌وم". ئه‌مه قسه‌ی نیگار خۆیه‌تی.
ژیانی نیگار له نێوان ترس و دوودڵی تێده‌په‌رێت، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات هه‌موو خزم و كه‌سوكاری هه‌ردوولامان ئاگادارن، به‌ڵام ئه‌وه ترسه‌كه‌ی ناڕه‌وێنێته‌وه، چونكه قه‌رزه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌وه گه‌وره‌ترن به قسه و سوڵحكردن چاره‌سه‌ر بكرێن. بۆیه خۆی ده‌ڵێ "هه‌ركه‌س و لایه‌نێك ده‌توانێ با یارمه‌تیم بدات و له‌و كێشه‌یه رزگار بین له‌به‌ر داهاتووی منداڵه‌كانم".
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان