زانیاری زیاتر لەسەر كێشەكەی نیمار و كاڤانی بڵاو كرایەوە
هەردوو ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی و ئەدینسۆن كاڤانی ئۆرگوایی لە یارییەكەی شەوی رابردووی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیۆن كێشەیان هەبووە و هاندەران بە ئاشكرا هەستیان بە ناكۆكییەكانی نێوانیان كردووە.
كێشەی هەردوو ئەستێرەكە لەسەر ئەنجامدانی لێدانی سزا و لێدانە راستەوخۆكان بووە و هەریەكەیان ویستوویانە خۆیان ئەنجامی بدەن.
رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی بڵاوی كردەوە: ناكۆكییەكانی هەردوو یاریزانەكە بەگشتی كاریگەری خراپی كردووەتە سەر ئاستی یانەی پاریس سان جێرمان لە یارییەكەدا و نەتوانراوە گۆڵی زیاتر تۆمار بكرێ، هەرچەندە یانەكە بە 2 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردووەتەوە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە كاڤانی لە یارییەكەدا هیچ تۆپێكی ئاراستەی نیمار نەكردووە و لەبەرامبەریشدا یاریزانە بەڕازیلییەكە بە درێژایی 90 خولەكی یارییەكە تەنیا 2 تۆپی داوەتە كاڤانی.
سەرچاوەكە بڵاویشی كردەوە كە نیمار لە یارییەكەدا زیاتر ئاراستەی تۆپەكانی بۆ كیلیان مباپێ بووە و زیاتر لەگەڵ ئەو ئەستێرە فڕەنسییەدا تۆپی ئالوگۆڕ كردووە.
كاڤانی دوای تەواوبوونی یارییەكە بەتوڕەیی راستەوخۆ یاریگەی جێهێشتووە بێ ئەوەی پیرۆزبایی سەركەوتن لە یاریزانانی هاوڕێ و هاندەران بكات.
رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە دەبێت ئۆنای ئێمری راهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان رۆلی خۆی ببینێ و بەخێرایی كێشەكانی نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە چارەسەر بكات، بەپێچەوانەشەوە ئاستی تیپەكەی روو لە دابەزین دەبێت بەتایبەتیش لە هێڵی هێرشبردندا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم