كچە ڕۆژنامەنووسێكی سلێمانی گیانی لە دەست دا

:: PM:12:21:20/09/2017 ‌

كچە ڕۆژنامەنووسێكی شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لە دەست دا كە كاری فۆتۆگرافی دەكرد بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان لە هەواڵێكدا رای گەیاندووە كە بۆ "وشە" هاتووە، بەخەم و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس و وێنەگری لێهاتوو خاتوو ئەژین قادر ڕاگەدەیەنین.

لە بەشێكی هەواڵەكە هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 20/9/2017 ئەژین قادر ماڵئاوایی لێ كردین كە ناوبراو وێنەگرێكی كارامە و لێهاتوو بوو، بەچەند ساڵێكی كەم توانی شوێنی خۆی لە بواری فۆتۆگراف و دنیای ڕۆژنامەوانیدا بكاتەوە.

لە كۆتای هەواڵەكە هاتووە، جارێكی تریش ئێمە زۆر بەداخین بۆ لەدەستدانی ئەو رۆحە پەپوولەئاسایە و هیوادارین بەهەشتی بەرین دوا مەنزڵگەی بێت، ئەمەش دوا كۆستی ئێمەی ڕۆژنامەنووسان و بنەماڵەكەی ئەژین بێت.

ئەژین قادر بەهۆی بوونی وەرەمێك لە مێشكی، لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا كە ماوەیەك بوو بە دەستیەوە دەیناڵاند.









وشە - رامیار جەواد