عه‌بدولباست حه‌مۆ جێگری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئێسته دیزانێكی نوێ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئارادایه و ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌و دیزاینه نوێیه‌دا هه‌یه. دووپات له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، به ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، خه‌ون و ئامانجی گه‌لی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دێته دی.
عه‌بدولباست حه‌مۆ جێگری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا به "وشه"ی راگه‌یاند، "ئه‌ركی ئێمه‌یه له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان پشتگیری پرۆسه‌ی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی له باشووری كوردستان بكه‌ین، كورد ده‌بێت پێداگیری له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆی بكات، له‌كاتێكدا وڵاتانی ناوچه‌كه دژ به خواستی گه‌لی كوردستان ده‌وه‌ستنه‌وه و نایانه‌وێت كورد خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی بێت".
حه‌مۆ ئاماژه‌ی دا، "سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان رێ و هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی پارچه‌كانی تری كوردستان، له كاتێكدا ساڵی ١٩٩١ ناوچه‌یه‌كی ئارام له باكوری عێراق یان هه‌رێم كوردستان دروست كرا، هه‌موو داگیركه‌رانی خاكی كوردستان بوونه یه‌ك و ئێسته‌ش دوژمنه‌كانی كوردان یه‌كن، به‌ڵام ده‌بێت كوردیش یه‌ك بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه هێزی خۆمان پێشانی ئه‌وان بده‌ین.''
روونی كرده‌وه، "پشتگیریكردن له‌م ریفراندۆمه ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و نیشتمانییه، ئێسته نه‌خشه‌ی سایكس-پیكۆت هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و دیزانێكی نوێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئارادایه و نه‌خشه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان كه‌وتووه‌ته سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی و له‌و دیزاینه نوێیه‌دا بوونی هه‌یه".
"ئێسته ده‌رفه‌تێكی له‌باره بۆ سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردستان، پێویسته ئاڵای كوردستان له ریزی ئاڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دا هه‌ڵبدرێت وه‌ك چۆن ئاڵای هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان هه‌یه، با ئێمه‌ش ئه‌و مافه‌مان هه‌بێت و سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بین".
حه‌مۆ له كۆتای لێدوانه‌كه‌یدا دووپاتی كرده‌وه، "چاره‌نووسی هه‌موومان به چاره‌نووسی باشوور كوردستانه‌وه گرێ دراوه".
وشه/ كاروان باعه‌درێ