لە ئەمنە سوورەكەی سلێمانی پشتگیریی ڕیفراندۆم دەكرێت

:: PM:12:13:21/09/2017 ‌

گرووپی كەمپەینی پشتیوانی ڕیفراندۆم لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ و سبەی دوو چالاكی جۆراوجۆر بۆ پاڵپشتی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەن و ڕۆژی هەینی لە ئەمنە سوورەكە پاڵپشتی ڕیفراندۆم دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ئاگەدارییەكی گرووپی كەمپەینی پشتیوانی لە ڕیفراندۆم هاتووە، دەستەی بەڕێوەبردنی گرووپی كەمپەینی پشتیوانی ریفراندۆم, بڕیاری دا دوو چالاكی ئەنجام بدات لە شاری سلێمانی.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكی هاتووە، ڕێكەوتی 21ـی ئەیلوول سەعات سێی و نیوی ئێوارە بە سروودی نیشتمانی و ئاڵای كوردستان چالاكییەكەیان لە بەرامبەر بەنزینخانەی كوردستان دەبێت نزیك پردی كۆبانێ‌.

لە بەشی دووەمی چالاكییەكە ڕۆژی هەینی 22ـی ئەیلوول لە سەعات چواری ئێوارە، كەرنەڤاڵێكی موزیك و گۆڕانی و شیعر ساز دەكرێت لەگەڵ چەندان چالاكی تر لە ئەمنە سوورەكەی سلێمانی.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.



وشە - رامیار جەواد