كۆمسیۆن: لە 24 سەعاتی داهاتوو ئەنجامی دەنگدانی ڕیفراندۆم بڵاو دەكەینەوە

:: PM:06:32:26/09/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی داهاتوو كۆمسیۆن ئەنجامی دەنگدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكاتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئەیلوول، ئیسماعیل خورماڵی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەت جیاكردنەوەی دەنگەكان بەردەوامە و هەوڵ دەدرێت لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوو ئەنجامی دەنگەكان بڵاو بكرێنەوە.

ڕوونی كردەوە كە ئەو ژمارانەی بڵاو دەكرێنەوە ژمارەی ڕاستی نین، چونكە لیژنەیەكی تایبەت دەنگەكان جیادەكاتەوە و جگە لەوان هیچ كەسێكی تر ژمارەی دەنگەكان نازانێت.

دوێنی دووشەم 25ی ئەیلوول، پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان بەڕێوەچوو هاوكات كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، كە ڕێژەی دەنگدان لە تەواوی هەرێمی كوردستان ڕێژەی بەشداری لە ڕیفراندۆم 72.16% بووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم