نه‌سره‌دین ئیبراهیم سكرتێری گشتیی پارتی دیموكراتی كورد-سووریا "ئه‌لپارتی" له كورته دیدارێكی له‌گه‌ڵ "وشه" سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و په‌لاماره سه‌ربازییه‌ی سه‌ر باشووری كوردستان ده‌كات و دژی ئابڵۆقه‌دانی ئابووری و ئاسمانی كوردستان ده‌وه‌ستێته‌وه و دووپاتیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه دوژمنانی گه‌لی كوردستان هه‌وڵی قڕكردن و له‌ناوبردنمان ده‌ده‌ن له هه‌ر پارچه‌یه‌ك و هه‌ر شوێنێكی كوردستان بین، بۆیه پێویسته لایه‌نه‌كانی كوردستان له ئاست به‌رپرسیاریه‌تی قۆناغه‌كه بن و یه‌كڕیز بن و ڕێیش نه‌ده‌ن ده‌ستی ده‌ره‌كی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی گه‌له‌كه‌مان له باشووری وڵات تێك بدات.
دوژمنان كار بۆ له‌ناوبردنمان ده‌كه‌ن
له‌سه‌ر دۆخی ئێسته‌ی باشووری كوردستان نه‌سره‌دین ئیبراهیم سكرتێری گشتیی پارتی دیموكراتی كورد-سووریا (ئه‌لپارتی) گوتی، لای هه‌مووان ڕوونه ئێسته گه‌لی كورد له باشووری كوردستان هه‌نگاوی بۆ چاره‌ی خۆنووسین ناوه، به‌ڵام دوژمنانی كوردستان هه‌وڵی له‌ناوبردن و كۆمه‌ڵكوژی كورد و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و مافانه‌یش ده‌ده‌ن كه تا ئێسته گه‌لی باشووری كوردستان به‌ده‌ستیان هێناوه، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی دژی هه‌موو پره‌نسیپ و مافه مرۆیی و یاسایی و ڕێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، گه‌لی ئێمه له باشوور بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی داوه، هیچ كه‌س ناتوانێ دژی ئیراده‌ی گه‌لێك بوه‌ستێته‌وه، یان ده‌بێ داوا و خواستی گه‌ل بێته دی، یان دوژمنان بۆ ڕێگری له به‌دیهێنانی خواستی گه‌ل، ده‌بێ هه‌موو كورد له‌ناو ببه‌ن، ئه‌مه‌یشیان هه‌رگیز بۆ ناكرێت.
كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قبووڵی ناكات
له به‌شێكی تری دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ "وشه" سكرتێری ئه‌لپارتی گوتی، به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێكارییه مه‌ترسیدارانه‌ی له ناوچه كوردستانییه‌كان ڕووبه‌ڕووی گه‌له‌كه‌مان ده‌بێته‌وه له باشوور، پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێته ده‌نگ و سنوورێك بۆ په‌لاماری سه‌ربازی و ئابڵۆقه‌ی ئابووری و ئاسمانی كوردستان دابنێن، چونكه ئه‌وه‌ی كوردستان كردوویه‌تی تاوان نییه تا به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، بێگومان ئێمه دوژمنانی ناوچه‌كه دژ به كورد و كوردستان ده‌ناسین و سته‌می ئه‌وان زۆر و مێژوویییه، ئێسته‌یش ئه‌وان پیلان داده‌ڕێژن و ده‌یانه‌وێ مێژوو دووباره بكه‌نه‌وه و جینۆسایدمان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌یان بۆ ناچێته‌سه‌ر.
حزبایه‌تی یه‌كڕیزیی كوردانی تێك داوه
بۆ هه‌نگاونان به‌رامبه‌ر ئه‌و پیلانه گه‌وره‌یه‌ی دوژمنان بۆ كوردستان دایانڕشتووه، نه‌سره‌دین ئیبراهیم سكرتێری ئه‌لپارتی، یه‌كڕیزی به هه‌وێنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه ناو برد و دووپاتی له‌وه كرده‌وه، پێویسته كورد له باشوور ناوماڵی خۆیان به ته‌واوی ڕێك بخه‌ن و ڕێ نه‌ده‌ن هیچ درزێكی تێ بكه‌وێ، نابێ قبووڵی ئه‌وه بكه‌ن ده‌ستی ده‌ره‌كی ببێته هۆكارێك بۆ تێكدانی یه‌كڕیزیمان و له‌ناوبردنمان، بۆیه له هه‌موو كات زیاتر ئێسته یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان و یه‌كگوتاری و یه‌كده‌ستی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پیلانه‌كان پێویست و چاره‌نووسسازه و گه‌لی كوردستان ئاماده‌ی هه‌موو جۆره قوربانیدانێكه، پێویسته لایه‌نه‌كانی باشووری كوردستان هه‌مووان له ئاست به‌رپرسیاریه‌تیدا بن و شانیان بده‌نه به‌ر ئه‌ركه‌كانی ئه‌و قۆناغه.
وشه/ دهۆك- كـاروان بـاعهدرێ