كورتەیەك لەبارەی رەشنووسی پڕۆژەی بودجەی 2018ی عێراق


بەمدواییە باسی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی 2018ی عێراق دەكرێت كە لەلایەن حكوومەتەوە بڕیارە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت بە مەبەستی تاوتوێكردن و پەسندكردنی، لەو رەشنووسەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.6% خەمڵێندراوە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەن لەبارەی رێژەی دانیشتوانی هەرێمەوە، راوێژكارێكی ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێكی بودجەكەوە.

پڕۆژەكە باس لە داهاتی خەمڵێندراو بە زیاتر لە 85.331 ترلیۆن دیناری عێراقی دەكات كە لەوانە 72 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتە و داهاتەكانی تر 12 ترلیۆن دیناری عێراقییە، ئەو داهاتەش لەسەر بنەمای هەناردنی نەوت بەتێكڕای 3 ملیۆن و 888 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نرخی هەر بەرمیلێك 43.4 دۆلاری ئەمەریكایی خەمڵێندراوە. لەوانەش 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی كوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتیش لە پارێزگای كەركووكەوە. 

بە پێی زانیارییەكان كۆی خەرجییەكان بە زیاتر لە 108.113 ترلیۆن دینار دێتە خەمڵاندن لەوانەش قەرزەكانی ناوخۆیی و دەرەكی كە بە زیاتر لە 8.246 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، واتە بە بڕی كورتهێنانی زیاتر لە 22.782 ترلیۆن دینار. كە ئەو قەرزەش لە قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی و زیادە لە نرخی نەوت لە رێژەی دیاریكراو و پارەی سووڕاوە لە سێكتەرەكانی حیساباتی وەزارەتی دارایی پڕ دەكرێتەوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی پڕۆژە یاساكە دەڵێت، ئەو پڕۆژەیە میراتێكی كەلەكەبووی 10 ساڵ تا ئەمڕۆ لەخۆ دەگرێت، چونكە زیاتر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت كە دەكاتە 3.888 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە. ئەو پێشبینی كرد كە داهاتی نەوت لە پڕۆژەكەدا بگاتە 74 ترلیۆن دیناری عێراقی و داهاتی جیا لە نەوتیش 12 ترلیۆن دینار، كە باج و رسوومات و داهاتی سەرمایە و گوێزەرەوە دەگرێتەوە، واتە بودجەكە 86 ترلیۆن دینار دەكات و قەرزەكانی ناوخۆیی و درەكی كە بەهاكەی نزیكەی 10 ترلیۆن دینارە دەخرێتە سەر و بەوەش بەهاكەی دەكاتە 96 ترلیۆن دیناری عێراقی، جگە لە قەرزەكان كە بەوەش قەبارەی بودجەكە دەكاتە 96 ترلیۆن دیناری عێراقی، جگە لە قەرزەكان كە دەدرێتەوە، هەروەها قیست و سوودەكانی سەر قەرزەكانیش كە دەكاتە 10 ترلیۆن دینار.

ساڵح روونی دەكاتەوە كە كێشەكە لەو پڕۆژەیەدا بریتییە دەستكەوتنی بەردەوامی سەرچاوەكانی دارایی، واتە توانای حكوومەت لەسەر پاراستنی دەستكەوتنی داهات و بەردەوامی لە پاراستنیان، ئەو باسی مەترسییەكانی ناو پڕۆژەكە دەكات و دەڵێت، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا نرخی نەوت پێنج جار و مووچەی فەرمانبەرانیش حەوت جار زیادی كردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە كە كاتێك حسێبی بودجە دەكەین بە شێوەیەكی ورد دەبینین كە مووچە 50%ی بودجەكە پێك دێنێت، واتە نیوەی و ئەوانەش پابەندین و پێویستە دەوڵەت دابینیان بكات، دووپاتی كردەوە كە هەر كاتێك داهاتی زیادی كردبێت لە رێگەی دابینكردنی دامەزراندن و مووچەوە دەرۆیشت، بەوەش بارێكی لەسەر بودجە دروست كردووە، كە بەئەستەم دەتوانرێت واز لەوە بهێندرێت.

ساڵح دەڵێت كە ئەو كاتەی دووچاری تەنگژەیەكی دارایی دەبیتەوە كێشەكە ئەوەیە كە چۆن دەتوانریت بەردەوامی دارایی راست دروست بكەیت، كاتێك نرخی نەوت نزیكەی 67% لە تێكڕای خۆی دابەزی، عێراق زۆر هەوڵی دا قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت نزیكەی 30% زیاد بكات بۆ قەرەبووكردنەوەی دابەزینی نرخ، بەڵام بێ سوودبوو، بۆیە كورتهێنانی قەبڵێندراو بووە كورتهێنانێكی راستەقینە.   

لە پڕۆژەكەدا پشكی بودجەی هەرێم بۆ 2018 كەم كراوەتەوە لە 17%وە بۆ 12.67% و بەپێی پڕۆژەكەش ئەو پشكەی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەكی هەرێم  دانراوە و لەگەڵ زیادبوون و كەمبوونەوەی كۆی خەرجییەكانی ناو بودجەكە، ئەو پشكە زیاد و كەم دەبێتەوە.

هەروەها هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە هەناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و رادەستكردنی ئەو داهاتەش بۆ گەنجینەی گشتیی ئیتیحادی و ئەو كاتەی ئەو كارە نەكرا، وەزارەتی دارایی پشكی دیاریكراو دەبڕێت.

هاوكات وەك هەموو ساڵێك پەرلەمانتارانی بەسڕە هەڕەشەی دەنگ نەدانیان بە پڕۆژەكە لە پەرلەمان كرد ئەگەر یاسای پترۆدۆلار نەخرێتە ناو پڕۆژەكە و پشكی دارایی بەسرە بەپێی یاسای پترۆدلار خەرج نەكرێت، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە حكوومەتی ناوەندی بەڵێنی پێدانی داوە.

ئیپتسام هیلالی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان لەو بارەوە دەڵێت، لە پڕۆژەكەدا بڕینی مووچەی فەرمانبەران بە رێژەیەكی زۆر كەم كراوەتەوە، كە پێشتر ئەو بڕینە بۆ حەشدی شەعبی و ئاوارەكان دەچوو، ئێستەش زۆرینەی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە و حەشدی شەعبیش بودجەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە.

بە پێی راپۆرتەكان پڕۆژەی بودجەی 2018 زۆر جیاواز نییە لەوەی 2017 لە بارەی هێڵە گشتییەكانەوە، واتە جیاوازییەكە تەنیا چەند گۆڕانكاریەكی بچووكە لە بڕگەكانیدا وەك دامەزراندنی سندووقی قەرەبووكردنەوەی قەرزی گشتی و چەند بڕگەیەك بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر حیسابی هەناردەكراو، هەروەها ئاماژە دەكات كە كورتهێنان لە لە بودجەكە بە هاوشێوەی ساڵی پێشووە و زیاد نابێت.

مەحاسن سەعدوون ئەندامێكی تری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەو بودجەیەشدا سیاسەتی دەستگرتنەوەی بەردەوامە، چونكە تەنگژەی دارایی هەر بەردەوامە و ناتوانرێت لە رێگەی زیادبوونی داهات بەهۆی جیاوازی نرخەوە قەرەبوو بكرێتەوە، هەروەها ئەو زیادەی داهاتەی كە لە داهاتی هەرێمەوە دێت تا ئێستە بەردەست نییە، چونكە هەرێم تا ئێستە پابەند نییە بە بڕیارەكانی لەگەڵ ناوەند، لە رووی داهاتەكانی نەوت و باج و رسوومات، كە پێویستە حكوومەتی ئیتیحادی بەرژدی ئاوڕ لە دەروازە سنوورییەكان بداتەوە، چونكە داهاتێكی زۆر لەو رێگەوە دێت. 


سەرچاوە: رەوابیت




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:05:21:14/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 426 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌