ماڕادۆنا دڵگرانە

:: AM:10:21:15/11/2017 ‌

دییگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و جیهان ئاشكرای كرد كە دڵگرانە بەهۆی سەرنەكەوتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا.

پێرێ دووشەم هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە یاریی گەڕانەوەی پاشكۆكانی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا نەیتوانی لە هەڵبژاردەی سوێد بباتەوە و دوای 60 ساڵ بۆ یەكەمجار نەیتوانی خۆی بگەیەنێتە یارییەكانی كۆتای پاڵەوانیەتییەكە.

ماڕادۆنا ئەفسانەی پێشووی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) رایگەیاند: زۆر دڵگرانم بە سەرنەكەوتنی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ مۆندیال، هەمیشە ئیتاڵییەكان مۆندیالیان گەشاوەتر كردووە.

ماڕادۆنی تەمەن 57 ساڵ هەروەها رایگەیاند: یارییەكەم بینی و پێموایە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەو شێوازە یارییان كرد كە سوێدییەكان دەیانویست ئەویش هەڵدانی تۆپی بەرز بوو بۆ نێو هێڵی سزا، بەڕاستیش هەڵبژاردەی سوێد هێڵی بەرگری زۆر بەهێزی هەیە.

لە كۆتاییدا ماڕادۆنا ئاشكرای كرد كە زۆر دڵگرانە بە شكستی ئەو هەڵبژاردە گەورەیەی جیهان و یاری نەكردنی لە مۆندیال كە بڕیارە هاوینی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی رووسیا بێتە ئەنجامدان.

جێی باسە ماڕادۆنا پێشتر بۆ ماوەی 7 ساڵ لە خولی ئیتاڵیا و یانەی ناپۆلی یاریی كردووە و لەگەڵ ئەو یانەیەشدا ناسناوی خولی پلە یەكی ئیتاڵیای بەدەستهێناوە، هەروەها لەو وڵاتە و بەتایبەتیش لە شاری ناپۆلی خاوەن عاشق و جەماوەرێكی زۆرە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م