ئاكرێ.. ئەمساڵ 114 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دەچێنرێت

:: AM:11:43:19/11/2017 ‌
پاش ئەو بارانەی هەفتەی ڕابردوو سنووری شارۆكەی ئامێدی و ئاكرێی گرتەوە، بەشێك لە جووتیاران دەستیان بە چاندنی گەنم و جۆ كردووە و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێش ڕای گەیاند، ئەمساڵ لە ئاكرێ 114 هەزار دۆنم زەوی گەنم و جۆی لێ دەچێنرێت.

عەبدوڵا سدیق جووتیارێكی شارەدێی شیلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدییە و بۆ "وشە" گوتی، بارانێكی باش و پێویست بۆ چاندنی گەنم و جۆ هەفتەی پێشوو داباری، بۆیە بەشێك لە جووتیاران دەستیان بە داچاندنی زەوییەكانیان بە گەنم و جۆ كردووە. هەرچەندە ساڵانی پێشوو لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دەستمان بە چاندنی گەنم و جۆ دەكرد، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی بارانی ئەمساڵ، بۆیە چاندنی گەنم و جۆیش بۆ ئێستە دوا كەوتووە.

محەمەد زێباری جووتیارێكی تری سنووری شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆكەی ئاكرێ بە "وشە"ی گوت، چەند زووتر باران ببارێ، ئێمە دەتوانین زووتر گەنم و جۆ بچێنین، ئێستە كاتەكەی گونجاوە و بارانی باش لە ناوچەی ئێمە باریوە، بۆیە گەنم و جۆ دەچێنرێن، ئەگەر باران بەو شێوەیەی تا ئێستە لە سنوورەكەمان باریوە بەردەوام بێ، ئەوا بەرهەمی ئەمساڵی گەنم و جۆ لە ئاكرێ زۆر باش دەبێ.

ئەندازیار ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ لەوبارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە وەك پێویست باران نەباریوە، بەڵام بەشی زۆری جووتیارانی ئاكرێ دەستیان بە داچاندنی گەنم و جۆ كردووە، ئەمساڵ لە سنووری شارۆكەی ئاكرێ 114 هەزار دۆنم زەوی بۆ چاندنی گەنم و جۆ تەرخان كراوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو 18 هەزار دۆنم زەوی زیاتر گەنم و جۆی لێ دەچێنرێت.

شارۆكەی ئاكرێ دەكەوێتە 118 كیلۆمەتر باكوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك، سێ شارەدێ و 500 گوندی بەسەرەوەیە، هاوكات شارۆكەی ئامێدی لە 60 كیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی دهۆكە و شەش شارەدێی و 300 گوند لە خۆ دەگرێ و ناوچەیەكی زۆری كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك، دەكەونە سنووری ئەو دوو شارۆكەیە.

ئامێدی/نەوزاد هلۆری.


وشە - باز ئه‌حمه‌د