نه‌جیبه جه‌لیزاده (١٩١٧-١٩٩٩) كه كچی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌یه، به یه‌كه‌م كچ ئه‌ژمار ده‌كرێ كه له‌گه‌ڵ كوڕاندا چووه‌ته قوتابخانه و ده‌ستی به خوێندن كردووه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ئه‌رێنی و گرنگی بۆ سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی هه‌بووه، چونكه له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوێندن ڕێپێدراو نه‌بووه، ته‌نانه‌ت كوڕانیش له حوجره و مزگه‌وت ده‌یانخوێند.
فاڕووق محه‌مه‌د برای نه‌جیبه جه‌لیزاده به "وشه"ی ڕاگه‌یاند: نه‌جیبه‌ی خوشكم ده‌بێت به كچی مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌لا عه‌بدوڵای كوڕی مه‌لا ئه‌سعه‌د كوڕی مه‌لا عه‌بدوڕه‌حمان كوڕی مه‌لا عه‌بدوڵا كوڕی مه‌لا محه‌مه‌د كوڕی مه‌لا ئیبراهیم كوڕی شێخ حه‌سه‌ن، ساڵی (١٩١٧) له گه‌ڕه‌كی بایزاغای شاری كۆیه چاوی به دنیا كراوه‌ته‌وه".
ئه‌و برایه‌ی نه‌جیبه كه ئێسته له ئه‌مه‌ریكا نیشته‌جێیه، گوتی، مه‌لای گه‌وره‌ی باوكم، له مه‌لاكانی تری هاوسه‌رده‌می خۆی جیاواز بووه، باوه‌ڕی ته‌واوی به خوێندن و خوێنده‌واری هه‌بووه، به‌رده‌وام ده‌یویست یارمه‌تی ژنان و كچان بدات، هه‌ڵبه‌ت له شیعره‌كانیشی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه كه نه‌جیبه‌ی خوشكم ته‌مه‌نی گه‌یشته حه‌وت ساڵ، به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ كوڕان ناردیه فێرگه‌ی "ئولا"، له كاتێكدا به‌شێكی كه‌می خه‌ڵك منداڵه‌كانیان ده‌نارده به‌ر خوێندن.
"چونكه بڕوایان وابوو جیا له خوێندنی ئاینی، خوێندنی قوتابخانه گونجاو نییه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ چین به حه‌رامی ناویان ده‌برد، واته خوێندنیان له چوارچێوه‌ی خوێندنی ئاینیدا قه‌تیس كردبوو، ته‌نانه‌ت به‌شێك له مه‌لاكانیش دژی ئه‌م كاره‌ی باوكم بوون. به‌ڵام مه‌لای گه‌وره‌ی باوكم له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی پێ‌داگر بوو و ئه‌مه‌ش به ڕیفۆرم و چاكسازییه‌كی گرنگی كولتووری و فه‌رھه‌نگیی داده‌نرێ" فارووق محه‌مه‌د وای گوت.
ئه‌و برا بچووكه‌ی نه‌جیبه گوتی: خوشكه‌كه‌م به یه‌كه‌مین كچ داده‌نرێ كه له‌گه‌ڵ كوڕاندا له فێرگه خوێندوویه‌تی و ماوه‌ی پێنج ساڵ به‌رده‌وام بووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ڕچهشكێنێ و هاندانی خه‌ڵكی تر كه منداڵه‌كانیان بنێرنه به‌ر خوێندن.
له‌باره‌ی ڕۆڵی سیاسیی نه‌جیبه جه‌لیزاده، دكتۆر ڕێزان ساڵح توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ر بۆ "وشه" گوتی، نه‌جیبه یه‌كێك بووه له‌و ژنانه‌ی له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كان كردووه و له سیاسه‌تدا به‌شدار بووه، به‌هۆی به‌شداریكردنی له سیاسه‌ت و خزمه‌تكردن به بواری كوردایه‌تی و ههوڵدانهكانی ڕووبه‌ڕووی ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی بووه‌ته‌وه.
ڕێزان ساڵح پله‌ی زانستی پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر و مامۆستای زانكۆی كۆیه‌یه، له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی دا "نه‌جیبه جه‌لیزاده له سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه تێكه‌ڵ به خه‌باتی سیاسی میله‌ته‌كه‌ی بووه، یه‌كێك بووه له دڵسۆزه‌كانی حزبی هیوا و به‌شداری چالاكییه‌كانی كردووه، ژنانی شاره‌كه‌ی بۆ خه‌باتكردن له پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافی گه‌لی كورد، به‌تایبه‌تی ژنان هۆشیار كردووه‌ته‌وه. دواتر له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌ستنی كۆنگره، له شازده‌ی ئه‌یلوولی ساڵی (١٩٤٦)دا، بووه‌ته ئه‌ندامێكی كارای ئه‌و پارته و له سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له ئێران به پێشه‌وایه‌تی قازی محه‌مه‌د، ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی بۆ ژنانی شاری كۆیه".
ڕێزان ساڵح له ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ نه‌جیبه یه‌كتریان بینیوه و وتوێژیان ئه‌نجام داوه، له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی گوتی، له 11ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی (١٩٥٢)دا، یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان دامه‌زرا. به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی نه‌جیبه كرا به سه‌رۆكی ئه‌و رێكخراوه له كۆیه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێكخراوهیشدا ڕۆڵی گرنگی له شاره‌كه‌دا بینیوه، تا دوای شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مووزی ساڵی (١٩٥٨)، به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا بوو به به‌رپرسی ڕێكخراو له كۆیه و له زۆربه‌ی ئاهه‌نگ و بۆنه‌كاندا وتاری یه‌كێتیی ئافره‌تانی خوێندووه‌ته‌وه، مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد و بزووتنه‌وه‌ی ژنانی كوردستانی بۆ ئاماده‌بووان و گوێ‌گران باس ده‌كرد.
هاوكات چیمه‌ن ره‌فیق به‌رپرسی یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان، له‌باره‌ی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌جیبه بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو "نه‌جیبه كه‌سایه‌تییه‌كی تایبه‌ت و به‌هێزی هه‌بووه، سه‌رپه‌رشتی زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه و دانیشتن و دیداره‌كانی كردووه و ئامۆژگاری خه‌ڵكی كردووه و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی داوه تاكی هۆشیار هه‌بن و ئاستی تێگه‌یشتنیان به‌رز بێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته زۆر هه‌وڵی داوه بخوێنن. له دانیشتن و گفتوگۆكاندا، هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانی بۆ قسه‌كه‌ران و ئاماده‌بووان ڕاست ده‌كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به ئه‌زموون بۆ داهاتوویان و باشتر بن.
چیمه‌ن كه چه‌ندان جار نه‌جیبه‌ی بینیوه و قسه‌یان كردووه، زیاتر گوتی "نه‌جیبه پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی باڵای هه‌بووه، پێوه‌ندییه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌شدا هه‌بوو، به به‌رده‌وامی سه‌ردانی خه‌ڵكی كردووه و له دوای هه‌موو دانیشتن و كار و چالاكییه‌كان، زۆرینه‌ی ڕووداو و كرده گرنگه‌كانی له یاداشتنامه‌ی خۆی ده‌نووسییه‌وه".
نه‌جیبه جه‌لیزاده به دووه‌م ژنی مێژوونووسی كورد داده‌نرێ، له دوای مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان و له ماوه‌ی ژیانیدا دوو كتێبی مێژوویی به‌ناوه‌كانی (مێژووی جه‌لیزاده و مێژووی شاری كۆیه) نووسیوه. هاوكات دوو به‌رگی له ته‌فسیری قورئانی (كه‌لامی خودا)ی مه‌لای گه‌وره‌ی باوكی به‌چاپ گه‌یاندووه، چه‌ندان به‌رهه‌می تری نووسیوه، به‌شێكیان چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه و به‌شێكی تریان تا ئێسته وه‌شان نه‌كراون.
جه‌لیزاده شه‌وی ١١ له‌سه‌ر ١٢ی حوزه‌یرانی ساڵی (١٩٩٩) له هه‌ولێر گیانی له ده‌ست دا، جه‌سته‌یان له ته‌ك گۆڕی باوباپیرانی له گۆڕستانی ده‌روێش خدر به‌خاك سپارد.
وشه/ كۆیه- زامدار ئه‌حمه‌د