ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ سانچێز دەكات

:: AM:10:52:21/11/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەستی بە گفتوگۆكان كردووە لەگەڵ ئەلێكسیس سانچێزی هێرشبەری چیلی و یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی تا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ بكات.

ماڵپەڕی (مادریستا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد، یانەی ریال مەدرید لەگەڵ فرناندۆ ڤیلسیفیچی بەڕێوەبەری كارەكانی سانچێز دەستی بە گفتوگۆ كردووە بۆ ئەوەی لە سەرجەم داخوازییەكانی ئەو هێرشبەرە تێ بگات.

یانەی ریال مەدرید دەیەوێ بەر لەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ئارسناڵ بكەوێتە گفتوگۆ، سەرەتا لەگەڵ سانچێز رێك بكەوێ تا كارەكانی گواستنەوەكەی بۆ نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئاسانتر بكات.

یانەی ئارسناڵ بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا سانچێز بفرۆشێ، چونكە گرێبەستەكەی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بەكۆتا دێت و تا ئێستاش رازی نییە گرێبەستەكە درێژ بكاتەوە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (دەیلی میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە یانەی ئارسناڵ نرخی دەستبەرداربوونی سانچێزی دیاری كردووە ئەویش لە 30 ملیۆن پاوەنەوە دەست پێ دەكات.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە ئەگەر یانەی ئارسناڵ ناچاربێت بە 15 تا 25 ملیۆن پاوەنیش رازی دەبێت نەوەك لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر دەستبەرداری بێت.

جێی باسە سانچێز شارەزاییەكی باشی لە خولی ئیسپانیادا هەیە و پێشتر بۆ ماوەی چەند وەرزێك لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەدا یاریی كردبوو، بۆیە یانەی ریال مەدرید دڵنیایە سودێكی باشی بۆ دەبێت بەتایبەت كە ئێستا لە هێڵی هێرشبەردا كێشەی هەیە بەهۆی دابەزینی ئاستی كەریم بەنزیما و پێكانی گاریس بێڵەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م