لە کوردستان بوومەلەرزەیەكی تر رووی دا

:: PM:04:32:22/11/2017 ‌

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٣.٦ بە پێوەری ریختەر پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لەرزاند. 

ئاژانسی مێهری ئێران بڵاوی كردەوە شوێنی بوومەلەرزەكە لە باشووری كوردستان بووە و لە قەسری شیرین نزیك بووە كە كەوتووەتە سەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كورستان.

گوڕی ئەم بوومەلەرزەیە نیوەی گوڕی ئەو بوومەلەرزەیەیە كە لە ١٢ی مانگ لە كرماشان رووی دا. 

بوومەلەرزەكەی كرماشان بە گوڕی ٧.٣ بە پێوانەی ریختەر بوو كە هەزاران كەس بە هۆیەوە بوونە قوربانی.

بەگوێرەی دوایین ئاماری حكوومەتی ئێران ٤٤٤ كەس بەهۆی بوومەلەرزەكە گیانیان لەدەست دا و سەرووی ١٠ هەزار كەسیش بریندار بوون.

لەو كاتەوە سەرووی ٢٥٠ بوومەلەرزە لە ناوچەكە روویان داوە بەڵام تەنیا چەند دانەیەكیان هەست پێ كراون.

بوومەلەرزەكەی شەوی ١٢ی مانگ بەهیزترین بوومەلەرزە بوو كە لە ساڵی ٢٠١٧ لە هەموو دنیا رووی داوە.

بوومەلەرزەكە ئەوەندە بەهێز بوو كە لە بەشێكی بەرچاو لە وڵاتانی ناوچەكە هەستی پێكرا. هەرچوار پارچەی كوردستان هەستیان بە بوومەلەرزەكە كرد. لە هەولێر بوومەلەرزەكە خەڵكی لە ماڵەكانیان هێنایە دەرەوە و هێشتا ترس و دڵەراوكێ بەسەر خەڵكدا زاڵە.



وشە - سلێمان تاشان