بەشی یەکەم: بەسەرهاتی فانی شاعیر

:: PM:08:30:25/11/2017 ‌
بەشی یەکەم

فانی لە ساڵی ١٩١٠ لە گوندی مەرگە لەدایک بووە، ناوی تەواوی مەمەند ئاغای کوڕی ڕەسووڵ ئاغایە، لە تیرەی میراودەلیی پشدەرە، هەروەها بە مەمەند ئاغای قایمقام ناسراوە، چونکە باوکی لە کاتی حوکمی تورکیدا، قایمقامی شارۆکەی چەمچەماڵ بووە. 
ماوەیەکی کەم لە حوجرە خوێندوویەتی، تا فێری خوێندنەوە و نووسین بووە، ئینجا بەهەوڵ و کۆششی فێری زمانی فارسی بووە، وەک ڕۆشنبیرێکی تەواو خۆی پێگەیاندووە. لە ساڵی ١٩٥٧دا بووەتە سەرۆکی شارەوانی "مەرگە" و هەروەها لە ساڵی ١٩٦٤دا، دەستی لە کارەکەی کێشاوەتەوە. هەموو ژیانی خۆی لە سەردەمی گەنجێتییەوە بۆ بەربەرەکانێی دەرەبەگ تەرخان کردووە، ئەو بە قەڵەم و بە کردەوە کۆشاویەتی. بەردەوام کاری بۆ بیری نوێ و کردنەوەی قوتابخانە لە گوندەکان کردووە، فانی شەش کوڕی لە پاش بەجێماوە، ئەوانیش بە ناوەکانی: (سەلیم، محەمەد، ئەنوەر، کەمال فەرەیدوون پشتیوان.)

تاهیر قاسمی نووسەر، لەبارەی ڕەچەڵەک و دۆزینەوەی باپیرە گەورەی فانی  لە لاپەڕەی خۆی دەنووسێت: (هەرچەند تا ئێرە توانیمان فانی، شاعیری شینگێڕیی شێخ سەعید بدۆزینەوە بەڵام هێشتا شاعیرێکی دیکە بە ناسناوی فانی ماوە، کە ناکرێ لەم باسەدا بیبوێرین و باسی نەکەین. شاعیرێک، کە دەبوو زۆر زیاتر لە لای نەتەوەکەی ناسراو و خۆشەویست بێ بەڵام ویدەچێ دەردی هەڵبژاردنی ناسناوی "فانی‌" زیاتر لە هەموان داوێنگیری ئەم شاعیرە بووبێ. 

"مەمەنداغای مەرگە" یەک لە نەتەوەییترین و شۆرشگێڕترین شاعیرانی سەتەی بیستەمی کوردستانە. بە پێی تەمەنەکەی، پێشەنگی شاعیرانی نیشتمانپەروەری دوای خۆی بووە و بە پێی ناوەرۆکی شێعرەکانی، سەرمەشقی زۆرێک لە شاعیرانی هەرە بەرزمان بووە. کەماڵ میراودەلی کوڕی فانی شاعیرە، کە زۆر درەنگ دەستی بە کۆکردنەوە و لە چاپدانی شێعرەکانی باوکی کرد. ئەو لێکۆڵینەوەیەکی درێژی سەبارەت بە هزر و ڕوانینی فانی بۆ پێشەکیی دیوانەکەی نووسیوە و تێیدا دەڵێ؛ "تا ئێستا تاقه‌ یه‌ک لێکۆلێنه‌وهیش له‌سه‌ر فانی نه‌کراوه‌ و دیاره‌ دیوانه‌کەیشی که‌م که‌س بینیویانه‌." 

بۆ ئاستی بەرزی هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی فانی ڕەنگە هەر ئەوەندە بەس بێ، کە ئەو خۆی بە قوتابیی قوتابخانەی حاجی قادر دەزانێ:
حاجی قادر شاعیری مەشـهور و دەوڵەت خواهی کورد
شیعرەکانی شاهـــــــــــیدن بۆ فیکرو بەرزیی فیترەتی
هەروەکو باوکێکی مـوشفیق چۆنە بۆ ئەولادی خــــۆی
دەرحەقی کوردانی گێتی وا بوو رەحــــــــم و شیفقەتی
بۆ ئەوەی ئیرشادی کوردو نەشری ســــــەربەستی بکا
دایە سەر شیعرو ئەدەب تا رۆژی مـــــــــردن ئولفەتی
حاجـــــــــــــــــیا حەیف و تەئەسوف میللەتی نادانی تۆ
بەم هەمـــــــــــــــــوو بەندانە جاهیل ما نەگۆڕا حاڵەتی
گەڕ لە ناو قەومێکی زانا بایە حاجــــــــــــــی، بێگومان
تا زەمانی ئاخرەت دەکرا سوپاس و مـــــــــــــــەدحەتی

مەمەنداغا ئەگەرچی پاشگری ئاغای بە دواوەیە بەڵام دژ بە ئاغاوەت و چەوساندنەوەی خەڵکەکەی، قەڵەمی ئاژۆتووەو هەڵوێستی گرتووە:

لاوێکی شوانزادەیی هۆشیار و بــــــــەغیرەت
قوربانی دەکەم سەد بەگ ‌و ئاغا لەڕی بێهۆش 


یان:

نە ئاغام‌ و نە کوێخام ‌و نە شێخم
لیباســـی مفتەخۆرانم لەبەربێ

بە خوێندنەوەی شێعرە دژ بە ئاغاوەتەکانی "فانی" زیاتر ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ئەو پێشەنگایەتی بۆ شاعیرانی سەردەمی کۆماری کوردستان بە تایبەت لە تافی کۆمەڵەی ژێکاف دا کردووە. فانی لەو سەردەمە دا شاعیرێکی پێگەیشتوو و شێعرە شۆشگێڕیەکانی بۆ شاعیرانی لاوی ئەو کات سەرمەشق و رێنوێن بوو. ڕەنگە کەم کەس بزانێ، کە سەرمەشق و ئیلهامی شێعری "دەیڵێم و بێ باکم"ی مامۆستا هێمن، شێعرێکی فانییە. هەڵبەت جگە لە مامۆستا هێمن، شاعیر و ئەندامێکی تری کۆمەڵەی ژێکافیش ئیلهامی لە شێعرەکەی فانی وەرگرتووە، کە ئەویش مەلا ئەمجەدی عوسمانی یان "مەلامجەتی قەڵا" بە ناسناوی شێعریی "کاک"ە.

روون نییە کامیان بەر لە ئەویدی سەرنجیان پەڕیوەتە سەر شێعرەکەی فانی بەڵام هەردوو شاعیری موکریان وێدەچێ وەڵامی شێعری فانییان نووسیبێتەوە. ناراستەوخۆش لۆمەی فانییان کردووە، کە  لە شێعرەکەی دا "ناوێرێ بیڵێ" بەڵام ئەوان "بە قاو دەیڵێن ‌و بێ باکن" یان دەیڵێن و ناترسن. بەڵام شێعرەکەی فانی چ لە ناوەرۆک و چ لە شێوازدا سەردەقی بۆ ئەوان شکاندووە و سەرمەشقی شێعری ئەوانە. لە ڕاستیشدا فانی سەرەڕای هەڵبژاردنی پاش سەروای "دەڵێم بیڵێم و ناوێرم"، قسەی خۆی کەمتر لە کاک و هێمن نەگوتووە. 

سەرچاوە/ یاداشت
 دیوانی فانی، بەرگی یەکەم، کمال میراودەلی، چاپخانەی ڕاپەڕین – سلێمانی، ١٩٧٥.







وشە - ژیڤان خۆرانی