بەشی دووەم: بەسەرهاتی فانی شاعیر

:: PM:09:12:25/11/2017 ‌
بەشی دووەم

بە گشتی فانی چ لەو شێعرەیدا و چ لە شێعرەکانی تری دا، وەک شاعیرێکی ئازا و نەترس دەرکەوتوە. بەڵام جیاوازیی بۆچوون لە نێوان فانی لە لایەک و کاک و هێمن لە لایەکی تر لە ناوەرۆکی شێعرەکانیاندا دەبیندرێ. بۆ وێنە لەو سەردەمدا کە سیستەمی کۆمەڵگەی کوردستان هێشتە فیئوداڵی و باوی ناسیونالیزمی فیئودالی بوو، فانی، ئاغا و کرمانج وەک یەک بە کەمکاری و خراپەکاری تاوانبار دەکا بەڵام نووکی هێرشی شاعیرانی موکریان بەرەو ئاغاوەتانە. پێ دەچێت لەو سەردەمەدا ژێکاف بیری سوسیالیستی تێدا بەهێز بووبێت. پێکگرتنی ناوەڕۆکی شێعرەکان بۆ کاتێکی تر هەڵدەگرم و لە خوارەوە هەر سێ شێعر بە جیاواز دەنووسمەوە و کۆتایی بە باسەکە دێنم:

فانی: دەڵێم بیڵێم و ناوێرم
قسەیەکم دێتە سەر زاری دەڵێـــــــم بیڵێم و ناوێرم
لە باسی کورد و کرداری دەڵێم بیڵێم و ناوێرم
دزو جەردە و ریاکارن، نەزان ‌و گــــێژو بێ عارن
لەگەڵ یەکتر دەڵێی مارن دەڵێـــم بیڵێم و ناوێرم
ئەوەی ئێستاکە زۆردارە خـەریکی جەورو ئازارە
ئەوەی بێ زۆرە غەمبارە، دەڵێــــم بیڵێم و ناوێرم
ئەگەر ئاغایە بەدکارە ئەگەر کــــــوێخایە مەککارە
ئەگەر مسکێنە بێ عارە، دەڵـــــــێم بیڵێم و ناوێرم
دووسەد خەرمانی میللییەت بەیەک جۆ ناکڕێ میللەت
وەفا رۆیی ، نەما غیرەت، دەڵـــــێم بیڵێم و ناوێرم
ئەتۆش (فانی) هەتا ماوی خودا نوتقێکی پێداوی
لەچاکەی گەل نەکەی خاوی دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

کاک: بە قاو دەیڵێم و ناترسم

قسەیەکی دیم لە بیـــــــــــر ماوە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
لە بابەت کــــــــــورد و ئاغاوە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
زمانم رووی لە ئاغایە، ئەڵـــــــــــــێم بێ ترس و بێ پایە
لە گەڵ کــــــرمانج قسەم نایە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
زمانی کورد دەبێ پاک بێ برای راست‌و برای چاک بێ
زمانــــــی ماری زوححاک بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
ئەوی ئاغای موکـــــــــریانە، لە سوێی قەند بوونە دێوانە
وەکــــــــوو عەبدن لە کارخانە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
ئەڵێن ئاغا لە خــــــــــــــــەو دایە، قسەی کوردانی لا بایە
نەسەب کوردە، عەجەمخوایە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
قوڕی دنیا بە سەردا کە، لە حەیفی کوردەکان "کاکە"
هەمووی هەر غەیری پێ چاکە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
هەتاکوو گەورە بێ باک بێ، خراپ و پاک لە لای چاک بێ
بچووک مەجبوورە غەمناک بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
کە ئاغا ساحیبی ئەملاک، نەیانبیست "اترکوا الاتراک"
دەبێ کورد رێککەون سەرپاک، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
بە مڵک و ماڵ و زێو و زێڕ، عموومیان بوونە میلیۆنێڕ
نەیانکرد قسەیەکی خێــــــــــــــــر، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
هەتا سەرگەورەمان خان بێ، دەبێ کورد شوان و گاوان بێ
ئەسیـــــــــــری تورکی ئێران بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
ھەموو مامەش لەگەڵ ئاغا، لەسەر کوردان نەیانکوت 'نا'
نەیانکرد دوو قسەی بێجا، بە قاو دەیڵێم و ناترســــــــــــم
کە مەنگوڕ بوونە سەرکردە، دەڵێن ھەر قوڕ بەسەر کوردە
ئەوی بووش، چوونە ناو پەردە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
ھەتا دێبوکری سەردار بێ، دەبێ کورد ڕووت و بێ کا[ر] بێ،
ئەسیــــــــــری دەستی ژاندار بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
گەورک و ئێلی بەگــــــــــــــــــزادە، لە ترسا بەو دڵی سادە
گەلی کــــــــــــــوردیان بەئاو دادا، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
بەشێخ و قازی و ئاغا، کەچوون بۆ بادکوبە و جوڵفا،
چییان کرد بۆ مە؟ ماشەڵڵا! بە قاو دەیڵێم و ناترسم
بە تۆپێ چیت و بارێ قەند، لەئاغاکانی دەوڵەتمـــــــــەند
ڕەشادەتیان کڕی و لێ سەند، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
ئورووپا و ئاسیا سووڕا، بۆ کوردان سەد وەرەق گۆڕا،
نەیانکرد "امرھم شورا"، بە قاو دەیڵێم و ناترســـــــــــم
کە ئاغاکان لەنێو چن، 'ھەژار ' و 'ھۆرنر' و 'گوردوون'
لەوان زۆر چاتر و وێچوون، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
وەرن کوردان بە تەڕدەستی، بۆ ئیستیقلال و سەربەستی
بە ھەویای کەس مەکەن سستی، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
وەرن کوردان وەکوو 'سمکۆ'، مەکەن ڕاکەن ھەتا ژینۆ
لەوێ کارتان بکەن یەک لۆ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم
بە یاری زاتی 'حق اللە' بە ھەویا[ی] تۆم ڕەسوولەڵڵا
کە ئەمجارەش نەبین بێ شا، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

هێمن: ئەمن دەیڵێم و بێ باکم
ھەچێکی بێتە سەر زارم، ئەمــــــن دەیڵێم و بێ باکم
ئەگەرچی بێکەس و زارم، ئەمــــن دەیڵێم و بێ باکم
ئەوی ئاغایە  بێــــــــــکارە، جەبوون و قەڵس و لاسارە
دزی و ڕێ گرتنی کارە، ئەمــــــن دەیڵێم و بێ باکم
گەلێ بێ فیکر و ئیدراکن، گەلێ بێ خێر و ناپاکن
توخواکەی کامەیان چاکن، ئەمــــن دەیڵێم و بێ باکم
ئەوەندە گێژو بێ ھۆشن، حەیا و نامووسێ دەفرۆشن
لەبۆ ئازادی ناکۆشـــن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکـــــــــــــم
خودای ئاغاوەتان قـــــــەندە، لەبۆ قەندن ھەموو بەندە
بەحاڵی وان دەکەن خەندە، ئەمـــن دەیڵێم و بێ باکم
نییانە بیری سەربەستی، دەکەن فەخرێ بەژێردەستی
دەڕۆن ھەروا بەرەو پەستی، ئەمـــن دەیڵێم و بێ باکم
لە تاڵان و بـــرۆ ئازان، لە ڕێگرتن ھەمـــــــــــوو وریان
درۆ ناکەم بپرسە وان، ئەمـــــن دەیڵێم و بێ باکــــــــم
ئەوانەی ئێستە ســــــــــەردارن، جەفاجۆن و ستەمکارن
غوڵامی پوول و دینارن، ئەمـــــــــــن دەیڵێم و بێ باکم
بەشەو تا ڕۆژ دەکەن تەگبیر، چ مڵکێکی بکەن داگیر
چ داماوێک بکەن یەخسیر، ئەمـــن دەیڵێم و بێ باکم
لەبەر زوڵـــــــــم و جــەفای وانە، وەتەن یەکبارە وێـــرانە
ھـــــــەزار خـۆزگەم بەبێگانە، ئەمـــن دەیڵێم و بێ باکم
لەشەرم‌و شوورەیی مردم، بەخۆم من چۆن بڵێم کوردم
کە ئاغا ئابــــڕووی بردم، ئەمــــــــن دەیڵێم و بێ باکم
منم لاوێکی بــــــــێ پەروا، لە کەس باکـــم نییە بەخوا
ئەگەر ئاغا لە حەبســــــم کا، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

سەرچاوە/ یاداشت
 دیوانی فانی، بەرگی یەکەم، کمال میراودەلی، چاپخانەی ڕاپەڕین – سلێمانی، ١٩٧٥.


وشە - ژیڤان خۆرانی