میلیشیاكان دەستدرێژیان كردووەتە سەر شەش ئافرەتی خورماتوو

:: PM:02:57:10/12/2017 ‌
لیژنەی داكۆكیكردنی‌ مافی‌ ژنان لەپەرلەمانی‌ كوردستان، زانیارییەكی‌ مەترسیدار لەسەر دەستدرێژیی‌ سێكسی‌ بۆسەر كچان و ژنانی‌ ئاوارەكانی‌ خورماتوو ئاشكرادەكات، هەروەها شەش كەیسی‌ تۆماركراویان لەبەردەستدایە بۆ بەدواداچوون.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی كانوونی‌ یەكەم‌، حەیات مەجید بڕیاردەری‌ لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەوەی‌ لەبەردەست لیژنەكەماندا هەیە، ئەوەیە كە شەش كەیسی‌ دەستدرێژیی‌ سێكسی‌ دژ بەژنان و كچانی‌ خورماتوو تۆماركراون و سەرجەمیشیان لەلایەن حەشدی‌ شەعبییەوە ئەنجامدراون.

بڕیاردەری لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، دەمانەوێ بەدواداچوون بكەین لەو ئامارە ناڕەسمییانەی‌ تر كە باس لەزۆری‌ حاڵەتەكانی‌ دەستدرێژیی‌ سێكسی‌ دەكەن بۆسەر كچان و ژنانی‌ خورماتوو.

ئێڤار ئیبراهیم سەرۆكی‌ لیژنەی‌ داكۆكیكردن لەمافی‌ ژنان لەپەرلەمانی‌ كوردستان گوتی، لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە ڕاسپێردراون بۆئەوەی‌ سەردانی‌ كەمپی‌ تازەدێ و شارەدێی زنانە بكەن لەسنووری‌ دەڤەری‌ گەرمیان بۆ ئەوەی‌ ڕەوشی‌ ئاوارەكان بەگشتی‌ و ژنان و كچان بەتایبەت لەڕاپۆرتێكدا بخەنەڕوو.

"وشە" پێشتر ئاشكرای كردبوو كە چەندان دۆسیەی دەستدرێژیی سێكسی لە دوای خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر كراوەتە سەر هاووڵاتییانی خورماتوو لەلایەن سەركردەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هاووڵاتیان.



وشە - رامیار جەواد