دكتۆر كارزان محه‌مه‌د هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆرا له توێژینه‌وه‌كانى شێرپه‌نجه له زانكۆى مانچسته‌ری به‌ریتانیا و سه‌رۆكى به‌شى توێژینه‌وه‌ى زانستى زانكۆى ئیشق له هه‌ولێر كه ماوه‌یه‌كه سه‌رپه‌رشتی پرۆژه‌ی "چرۆ" بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری و دامه‌زراندنی سه‌نته‌رێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه ده‌كات، له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا ورده‌كاری كاره‌كانی چرۆ ئاشكرا ده‌كات و نیگه‌رانی خۆیشی ناشارێته‌وه له‌وه‌ی به‌ده‌مه‌وه‌چوونی پرۆژه‌كه وه‌ك پێوست نییه.
محه‌مه‌د رای ده‌گه‌یه‌نێت كه به‌شداره له توێژینه‌وه‌یه‌كی جیهانی كه ده‌ریخستووه خه‌مۆكى له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌خۆشییه نهگواستراوهكانن، وه‌ك شێرپه‌نجه. دووپاتی ده‌كاته‌وه "چرۆ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى شێرپه‌نجه‌یه بۆ ئه‌وه دامه‌زرا پێشگر بێت له تووشبوون به شێرپه‌نجه نه‌ك پێدانى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى دواى تووشبوون به نه‌خۆش".
پڕۆژه‌ی چرۆ چی به‌سه‌ر هات؟ بۆ ماوه‌یه‌كه له چالاكی وه‌ستاون؟
ڕاستى پڕۆژه‌ى چرۆ ماوه‌یه‌كى كورت وه‌ستا له‌به‌ر دوو هۆكار یه‌كێكییان هۆى ئیدارى بوو و پێویستى به دووباره‌ى ڕێكخستنه‌وه بوو، چونكه پڕۆژه‌كه كاردانهوهییهكى باشى هه‌بوو له‌ناو كۆمه‌ڵگه. دووه‌میش ئه‌و كێشانه‌ى به‌سه‌ر كوردستان داهات له‌ماوه‌ى ڕابردوو، ئه‌مه‌یش وایكرد نه‌توانین ئێمه له كۆمه‌ڵگه نزیك ببینه‌وه، چونكه كاره‌كانمان له‌ڕێگه‌ى ڕێكخراوه‌وه ده‌كرێت كه ڕێكخراوى ECHO سه‌ر په‌رشتى ده‌كات و له‌كاتى فریاكه‌وتنى خێرا ده‌بێت ئێمه ئه‌وه ڕه‌چاو بكه‌ین ئه‌وه بوو كۆمه‌ڵێك ئاواره هاتنه كوردستان بۆیه كاره‌كانمان بوونه فریاگوزاری خێرا، به‌ڵام ئێسته چالاكییه‌كانمان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه.
ئامانجی كاره‌كانتان چییه له پڕۆژه‌ی چرۆ؟
له دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ى چرۆ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى شێرپه‌نجه‌یه بۆ ئه‌وه دامه‌زرا پێشگربێت له تووشبوون به شێرپه‌نجه نه‌ك پێدانى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى دواى تووشبوون به نه‌خۆش.
تا ئێسته گه‌یشتوون به ئامانجی پڕۆژهكهتان؟
ئێمه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین كۆمه‌ڵگه بپارێزین نه‌ك چاره‌سه‌رى پێبده‌ین دواى تووشبوون، بۆیه پڕۆژه‌كه‌ى ئێمه درێژخایه‌ن و ستراتیجییه و ماوه‌یه‌كى زۆرى پێویسته له به‌ریتانیا كاركردنمان هه‌یه و پڕۆگرامێكى گه‌وره داڕێژراوه و توێژینه‌وه ده‌كرێت له‌سه‌ر هۆكاره‌كانى تووشبوون به شێرپه‌نجه و كه‌مكردنه‌وه و بنبڕ‌كردنى، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ى پشكنینى خه‌ڵكى پێش ئه‌وه‌ى تووش بن، چونكه باشترین چاره‌سه‌ر بۆ شێرپه‌نجه زوو دهستنیشانكردنیهتى.
چه‌نده هاوكاری دارایتان كۆكردووه‌ته‌وه بۆ پڕۆژه‌ى چرۆ به‌تایبه‌ت كه ده‌زانین زۆر چالاكیتان ئه‌نجام دا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك؟
چرۆ هاوكارییه‌كى كه‌مى له چالاكییه‌كانى بۆ ده‌سته‌به‌ر بوو، یه‌كێك له ئامانجه‌كانى چرۆ ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ى چه‌ند چالاكییه‌كه‌وه هۆشیارى ته‌ندروستى بڵاو بكه‌ینه‌وه له‌باره‌ی شێرپه‌نجه و پێویستى كۆمه‌ڵگه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه. ئه‌و چالاكییهكانهى ئه‌نجاممان دا له‌ڕێگه‌ى كۆنسێرت و یاریى و شتى تر، داهاتى ئه‌و چالاكییانه زۆر نییه،به‌ڵام له ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى چرۆ هه‌موو داهاته‌كان ده‌خرێته‌ڕوو.
ژماره‌ی تووشبووانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له هه‌رێمی كوردستان چه‌نده؟
نزیكه‌ى 12 هه‌زار تووشبوو هه‌یه به شێرپه‌نجه، هه‌مووى له شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان تۆمار كراون. ئه‌و نه‌خۆشییه له زیادبوونهدایه و پێویستى به‌وه‌یه كارى بۆ بكرێت و ڕێگرى لێبكرێت و ڕێگه نه‌درێت ته‌شه‌نه بكات.
چه‌ند جۆر نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له كوردستان هه‌یه؟
له كوردستان هه‌موو جۆره‌كانی شێرپه‌نجه بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى دیارن زیاتر شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك و منداڵدان له ئافره‌تان و له منداڵیش شێرپه‌نجه‌ى خوێن دروست ده‌بێت، له پیاوانیش شێرپه‌نجه‌ى سییه‌كان یه‌كێكه له شێرپه‌نجه دیاره‌كان له كوردستان.
ئێوه له‌سه‌ر چه‌ند جۆر نه‌خۆشی شێرپه‌نجه كار ده‌كه‌ن؟
پڕۆژه‌ى چرۆ كار بۆ نه‌هێشتنى هۆكاره‌كانى تووشبوون به شێرپه‌نجه ده‌كات، چونكهههر جۆرێك له شێرپه‌نجه هه‌بێت هه‌مان مه‌ترسى و ئازارى هه‌یه بۆ هاووڵاتییان، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى نه‌خۆشه‌كان دره‌نگ به تووشبوونیان ده‌زانن،ئیتر چاره‌سه‌رییان قوڕس ده‌بێت، بۆیه ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاى تووشبوون ئاشكرا بكرێت، ده‌توانرێت به ئاساتى چاره‌سه‌ر بكرێت.
له كۆندا ئه‌وه‌نده ژماره‌ی تووشبوون به شێرپه‌نجه نه‌بوو، بۆ ئێسته ژماره‌كه زیادی كردووه؟
شێرپه‌نجه به كرانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه و به به‌رجه‌سته‌بوونى په‌ره‌سه‌ندنه‌كان و زۆربوونی كارگه و پرۆژه‌كانی كاری پیشه‌سازیی گه‌شه ده‌كات، هه‌روه‌ها پاشماوه‌كانى شه‌ڕ و دووكه‌ڵ و خواردن و ئه‌و هه‌موو ده‌رمانه‌ى دێته هه‌رێمى كوردستان، هۆی تری گه‌شه‌كردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ن. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت له ڕابردوو ئامارێكى ورد نه‌بوو، بۆیه هه‌ر ڕێِژهییهك هه‌بووبێ تۆمار نه‌كراوه و نازانرێ كه له كۆندا ئه‌و نه‌خۆشییه كه‌م بووه.
چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه دۆزراوه‌ته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌واڵه‌كان جار جار باس ده‌كرێت؟
لیستێك له نه‌خۆشى هه‌یه به دووژمنه‌كانى مرۆڤ ده‌زانرێت له‌سه‌رانسه‌رى جیهان كه تا ئێسته هیچ چاره‌سه‌رى نییه وه‌ك ئیبۆلا و شێرپه‌نجه و كۆمه‌ڵێكى تر، بۆیه ده‌ڵێم تا ئێسته چاره‌سه‌رى نییه، ئه‌وه‌ى هه‌یه كار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بیردۆز ده‌كرێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى هیچ شتێك پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه و ته‌نیا لێكۆڵینه‌وه‌یه، ئه‌وانیش تا ئێسته زانستى نین.
ئه‌و ڕێنوێنییانه چین بۆ خۆپاراستن له نه‌خۆشی شێرپه‌نجه گرنگ؟
نه‌خۆشى شێرپه‌نجه ده‌بێت له ڕووى ده‌رونییه‌وه ئاماده بیت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، زۆرترین توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن دڵته‌نگى یه‌كێكه له هۆكاره‌كانى تووشبوون، هه‌روه‌ها نه‌خۆش پێویسته به‌دواداچوون بكات بۆ ڕێنوێنى پزیشكی.
وه‌ك پسپۆڕێك ئامۆژگاریت چییه بۆ تووشبوویه‌كی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه؟
تووشبوو جۆرى هه‌یه، ئه‌و تووشبووانه‌ى له كوردستان هه‌ن له كاته دره‌نگه‌كان پێى ده‌زانن، ئه‌وه‌ش به‌هۆى دره‌نگ پشكنینهوهیه، جیا له ده‌رمانى كیمیایى، پێویسته به‌شێكى زۆرى چارهسهرهكهدهروونى بێت و خۆیان بیكه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه.
له كاره‌كانتان ڕێگریتان بۆ درووست بووه؟ چیین ڕێگرییه‌كان؟
ئه‌وه‌ى جێى دڵخۆشییه پڕۆژه‌ى چرۆ له هیچ شوێنێك ڕێگرى لێنه‌كراوه، هه‌روه‌ها له هاوكارى یان له وه‌رگرتنى كارى تایبه‌تى هیچ جۆره به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ك نه‌بووه له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌وه،به‌ڵام به‌پیره‌وه‌هاتنی و هاوكارییه‌كان كه‌من و به‌پێى پێویست نین، ئه‌مه‌ش به‌هۆى كۆمه‌ڵێك هۆكار كه ئێمه ئێسته كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
خراپترین جۆری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه چییه؟
شێرپه‌نجه جۆرى زۆره، به‌ڵام خراپترینى ئه‌وه‌ییه دره‌نگ پێى بزانرێت و ده‌ره‌نگ ده‌ستنیشان بكرێت، چونكه هیچ كێشه نییه كامه جۆرى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى تووش بووه، به‌ڵام دره‌نگ ده‌ستنیشانكردن كێشه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه.
له‌ناو كۆمه‌ڵگه قسه‌یه‌ك باوه كه شێرپه‌نجه ههناوچارهسهرى نییه، به‌راورد به شوێنێكی تری جه‌سته، ئه‌مه تا چه‌ند ڕاسته؟
هه‌موو شێرپه‌نجه چه‌ند ئاستێكى هه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان ببڕێت ده‌گاته دۆخى بڵاوبوونه‌وه، به‌ڵێ ئه‌گه‌ر له‌ناوه‌وه‌ى هه‌ناو بێت زووتر بڵاو ده‌بێته‌وه و زووتر گه‌شه ده‌كات به به‌راورد به شوێنه‌كانى تر‌ى له‌ش، هه‌روه‌ها له ده‌ره‌وه‌ى هه‌ناو كاتى زیاترى پێویسته تا ده‌گات به خوێن و بڵاو ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت ته‌نیا له‌ڕووى كاتى بڵاوبوونه‌وه جیاوازى هه‌یه، له ده‌ستنیشانكردنیان هیچ جیاوازییه‌ك نییه.