بەرشەلۆنە چۆن رووبەڕووی چێڵسی دەبێتەوە؟

:: PM:01:02:18/02/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی سێشەمی داهاتوو لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبێتە مێوانی یانەی چێڵسی.

یانەكە دوێنێ شەموو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە 2 گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی ئیباری بردبووەوە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە بەهەمان پێكهاتەی یارییەكەی دوێنێ بەرامبەر یانەی ئیبار رووبەڕووی یانەی چێڵسی ببێتەوە.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە: ڤالڤێردی بڕیاریداوە وەك هاوكارییەكی لیۆنێل میسی و لویس سوارێز لە هێڵی هێرشبەر یاری بە پاولینیۆی ئەستێرەی بەڕازیلی بكات و پشت بە ئەستێرەكانی تر عوسمان دێمبێلێ، پاكۆ ئەلكاسێر، ئەلێكس ڤیدال و ئەندرێ گۆمێز نەبەستێ.

راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پێی باشترە یاری بە پاولینیۆ بكات، چونكە ئەو یاریزانە لە بەرگریكردن و گەڕانەوەشدا ئاستێكی ناوازە پێشكەش دەكات و هێزێكی لە رادەبەدەری هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م