وێنەی گالاكسی S10 بڵاو كرایەوە

:: AM:10:15:19/02/2018 ‌
كەمتر لە هەفتەیەك ماوە كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور دوا ڤێرژنی مۆبایلی زیرەكی گالاكسی S9 بخاتە بازاڕەكانەوە، بەر لەوەیش یەكەم وێنەی دزەپێكراوی گالاكسی S10 بڵاو كرایەوە كە لە شوبات/فێبرایەری ساڵی داهاتوو بەرهەم دەهێنرێ و دەخرێتە بازاڕەكانەوە.

بەگوێرەی هەواڵ و زانیارییە دزەپێكراوەكان كە رۆناڵد كوان بڵاوی كردووەتەوە، گالاكسی S10 بە پرۆسیسەری سناپ دراگۆن 855 و بە پێوەری حەوت نانۆمەتر بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام تا ئێستە كۆمپانیای كوالكۆم كە بەرهەمهێنەری پرۆسیسەری سناپ دراگۆنە هیچ زانیارییەكی لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە پرۆسیسەرە نوێیە ڕانەگەیاندووە.

پێشتر میدیاكانی تەكنەلۆجیا بڵاویان كردەوە، كە ڤێرژنی نوێی پرۆسیسەری سناپ دراگۆن كە كۆمپانیای كوالكۆم بەرهەمی دەهێنێت، بۆ یەكەم جار تەكنیكی حەوت نانۆمەتری تێدا بەكار دەهێنرێ و دەتوانرێ خێرایییەكەی بگاتە بەرزترین ئاست و لە چركەیەك بە قەبارەی دوو گێگابایت كاری پێ بكرێت.

ئەو مۆدیۆمە نوێیە دوای ئەوە دێ، پێشتر سناپدراگۆن X20 بەرهەم هێنرا و دواتریش چەندان ڤێرژن هاتنە خزمەتەوە و دواجاری سناپ دراگۆنی 845 لە مۆبایلە زیرەكان بە باشترین و بەهێزترین تایبەتمەندی بەكار هێنرا.

زانیارییە دزەپێكراوەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، كە خێرایی سامسۆنگ S10 كە لە ساڵی داهاتوو بڵاو دەكرێتەوە، تەواو سەرسوڕهێنەر و خەیاڵی دەبێ و هاوشێوەی شۆڕشێك دەبێ بە بەراورد لەگەڵ مۆبایلە زیرەكەكانی تر.

بڕیارە لە 25ی ئەم مانگە ڤێرژنی نوێی گالاكسی ئێس 9 بخرێتە بازاڕەكانەوە و چاوەڕوان دەكرێ زۆرترین فرۆشی هەبێ، چونكە زۆرترین تایبەتمەندی ناوازە و بەهێزی بۆ دانراوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د