ئوندەر بووە بچووكترین تورك لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا گۆڵ بكات

:: AM:10:11:22/02/2018 ‌

جەنگیز ئوندەری یاریزانی لاوی توركی و یانەی رۆمای ئیتاڵی بووە بچووكترین یاریزانی بەڕەگەز تورك لە مێژووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا گۆڵ تۆمار بكات.

دوێنێ چوارشەم یانەی رۆما لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بووە مێوانی یانەی شاختار دۆنیتیسكی ئۆكڕانی و یارییەكەشی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ دۆڕاند.

تاكە گۆڵەكەی یانەی رۆما لەلایەن ئوندەری تەمەن 20 ساڵ لە خولەكی 41ی گێمی یەكەمدا تۆمار كرا.

ئوندەر ئەوە گۆڵەی لە تەمەنی 20 ساڵ 222 رۆژ تۆمار كرد، بەمەش بووە بچووكترین یاریزانی تورك لە مێژووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا گۆڵ تۆمار بكات.

جێی باسە ئوندەر كە بە دیبالای توركی ناسراوە، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 13.4 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی پاشاك شەهیری توركییەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ پەیوەندی بە یانەی رۆماوە كردبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م