ریال مەدرید لەگەڵ نیمار بڕاندییەوە

:: AM:09:33:12/03/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە هەوڵەكانی بردەوامە بۆ رێككەوتن لەگەڵ نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دوای ئەوەی هاوینی رابردوو پەیوەندی بە یانە پاریسییەكەوە كرد.

نیمار لەچەند سەعاتی رابردوودا داوای لە باوكی كردبوو كە بەڕێوەبەری كارەكانییەتی، كارەكانی رێككەوتن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تەواو بكات، چونكە نایەوێ بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەی پاریس سان جێرمان بمێنێتەوە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو یانەكەی لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەسەر دەستی ئەو یانەیە كرایە دەرەوە.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید رێككەوتنی لەگەڵ باوكی نیمار تەواو كردووە و بەتایبەتیش لەسەر بەهای گرێبەستەكەی كە بە 400 ملیۆن یۆرۆ خەملێنراوە.

لای خۆیەوە ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان بەم رێككەوتنەی نێوان نیمار و یانەی ریال مەدریدی زانیوە و بڕیاری داوە هەفتەی داهاتوو خۆی بچێتە بەڕازیل و لەگەڵ نیمار و باوكی كۆ ببێتەوە تا رێگەیان لێ بگرێ پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بكەن.

بەگوێرەی رۆژنامەكە خەلیفی نایەوێ لە ئێستاوە لەگەڵ نیمار بكەوێتە ركابەرییەوە و كاریگەری لەسەر ئاستی یانەكەی بەجێبێڵێ تا ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو، بەڵام هەوڵ دەدات ئەو ئەستێرەیەی بەڕازیل بە پڕۆژەی داهاتووی یانەی پاریس سان جێرمان رازی بكات كە ئامانجی سەرەكی لە وەرزی داهاتوو برێتی دەبێت لە بردنەوەی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

جێی باسە نیمار ماوەی چەند رۆژێكە گەڕاوەتەوە بەڕازیل بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە و چاوەڕوانیش دەكرێ ماوەی نزیکەی 2 مانگ لە یاریكردن داببڕێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م