هاتوچۆی سلێمانی بایكۆتی راگەیاند
بریكاری وەزارەتی ناوخۆ: پاشەكەوتی مووچەی هێزەكانی ناوخۆ هەڵدەگیرێت

:: PM:04:11:26/03/2018 ‌
هاوشێوەی فەرمانگەكانی تری شارەكە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەهۆی سیستمی پاشەكەوتی مووچەوە، بڕیاری راگرتنی دەوامی دا و بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕای گەیاند، ڕۆژی پێنجشەمی داهاتوو مووچەی وەزارەتی ناوخۆ چاك دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 26ی ئادار/ مارس، كاروان محەمەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەفسەران و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری ئەوەیان دا كە بەهۆی سیستمی پاشەكەوتی مووچەوە بایكۆتی دەوام بكەن.

زیاتر گوتی، لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئاگەدار كراینەوە كە حكوومەت بڕیاری داوە ڕۆژی پێنجشەم كۆ ببێتەوە و دەستكاری پاشەكەوتی مووچە دەكرێت و وەزارەتی ناوخۆیش دەگرێتەوە.

فەرمانبەرێك لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەرجەمی ئەفسەران و كارمەندانی هاتوچۆ بڕیاری بایكۆتی دەوامیان دا و بەرەو ناو خۆپیشاندەران دەڕۆشتین، بەڵام دواتر لە لایەن بریكاری وەزارەتی ناوخۆ ئاگەدار كراینەوە كە ڕۆژی پێنجشەم حكوومەت دەستكاری مووچە دەكات.

ڕوونی كردەوە كە وەزارەتی ناوخۆ پێی ڕاگەیاندووین مووچەی وەزارەتی ناوخۆ پاشەكەوتی لا دەبرێت و دەستكاری دەكرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێكە خۆپێشاندانی مامۆستایان و فەرمانگەكانی تری شاری سلێمانی بەردەوامە و داوا دەكەن كە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵبگیرێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە هەفتەی داهاتوو خشتەیەك وەك كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچە ڕابگەیەنێت.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم