كارمەندانی تەندروستی مووسڵ پێنج مووچە بەیەكەوە وەردەگرن

:: PM:02:49:22/04/2018 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای مووسڵ ئاشكرای كرد، مووچەی پێنج مانگی كارمەندان و پزیشكانی مووسڵ هاتووە و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوویش دەست بە دابەشكردنی دەكرێ.

فەلاح حەسەن بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای مووسڵ لە لێدوانێكدا ڕای گەیاند، مووچەی كاروانی 13 و 14 و 16 و یەك و دوو لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە دابەشكردنیان دەكرێ.

زیاتر گوتی، لیستی 15 و 17 و 18 و 19 دوای ناردنی لیستی كۆتا لەلایەن فەرمانگەكان ڕەوانە دەكرێ و دەست بە دابەشكردنی دەكرێ.

لە دوای ڕزگاركردنی مووسڵ دابەشكردنی مووچەی كارمەندانی كەرتە جیاجیاكانی سنووری پارێزگای مووسڵ بە لیست و كاروانی جیاجیا دابەش دەكرێ، بە فلتەری تەناهی تێپەڕ دەبن، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی هاوكاری داعشیان كردووە مووچەیان پێ نەدرێ و دوور بخرێنەوە.

چەند جارێكیش مووچەی چەندان مانگ بەیەكەوە بە كارمەندانی فەرمانگەكانی مووسڵ دراوە، پاش ئەوەی تیرۆریستان لە شارەكە وەدەرنران و لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر كارمەندان و چۆنیەتیی مانەوەیان لە كاتی بوونی داعش لە مووسڵ كرا.



وشە - باز ئه‌حمه‌د