ئایا بوفۆن دەچێتە پاریس سان جێرمان؟

:: AM:10:52:21/05/2018 ‌

سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە كە بەم دواییە سەبارەت بە گرێبەستكردنی یانەكەی لەگەڵ جیانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێز و كاپتنی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بڵاو كراونەتەوە.

بوفۆن /40 ساڵ/ پێرێ شەموو لە دوایین یاریی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا ماڵئاوایی یەكجاری لە یانەی یۆڤانتۆس كرد دوای ئەوەی بۆ ماوەی 17 ساڵ لە ریزی یانەكەدا یاریی كرد.

بوفۆن جەختی كردبووەوە كە ریزی یانەی یۆڤانتۆس جێدێڵێ، بەڵام ئاشكرای نەكردبوو كە بەیەكجاری واز لە یاریكردن دێنێ یان نا، سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانیش بڵاویان كردبووەوە كە ئەو گۆڵپارێزە ناودارە دەستەوارەیەكی لە یانەی پاریس سان جێرمانەوە پێ گەیشتووە.

لەمبارەیەوە ناسڕ خەلیفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی رایگەیاند: ئێمە ئێستا ئەڵفۆنس ئەریۆلامان هەیە و ئەو گۆڵپارێزی یەكەمی یانەی پاریس سان جێرمانە، بۆیە تیپەكەمان پێویستی بە هیچ گۆڵپارێزێكی تر نییە.

زیاتر گوتی: ئەریۆلا وەرزی داهاتوو لەگەڵمان بەردەوام دەبێت و لەبەر ئەمە پێویستیمان بە هیچ گۆڵپارێزێكی ترەوە نییە.

لە كۆتاییدا لەبارەی بوفۆن، سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان رایگەیاند: گۆڵپارێزێكی گەورە و كەسایەتییەكی پێشەوا و بەهێزی هەیە، دڵنیام ئێستاش هەموو یانەیەك ئاواتەخوازە گرێبەستی لەگەڵ بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م