چێڵسی بەمەرجێك هازارد دەدات بە ریال مەدرید؟

:: AM:09:54:17/07/2018 ‌

یانەی چێڵسی ئینگلیزی جەختی كردەوە كە ئامادەنین دەستبەرداری ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی ببن بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تەنیا بە مەرجێك ئەگەر بە یانەكەیان بدرێ.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: رۆمان ئەبرامۆڤیچی سەرۆكی یانەی چێڵسی نیازی نییە تیپەكەی دەستبەرداری هازارد بێت تا كۆتایی ماوەی گرێبەستەكەی لە ساڵی 2020.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە ئەبرامۆڤیچ تەنیا بەیەك مەرج ئامادەیە هازارد بفرۆشێ ئەویش ئەوەیە كە ئەو پارەیەی دەیانەوێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی دەستیان بكەوێ.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكەش یانەی چێڵسی بۆ وازهێنان لە هازارد داوای زیاتر لە 250 ملیۆن یۆرۆ دەكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی ئاشكرای كردووە كە سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بەفەرمی دەستەوارەیەكی پێشكەش بە هاوتاكەی لە یانەی چێڵسی كردووە بۆ دەستخستنی هازارد و تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێز، بەهای دەستەوارەكەش برێتییە لە 225 ملیۆن یۆرۆ.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی چێڵسی پێیوایە ئەم بڕە پارەیە كەمترە لە نرخی هازاردە بەتەنیا و بۆ دەستبەرداربوونی كۆرتواش بڕی 30 تا 35 ملیۆن یۆرۆی تریان دەوێ.

جێی باسە هەڵبژاردەی بەلجیكا لە مۆندیالی 2018ی رووسیادا پلەی سێیەمی هەڵبژاردەكانی بردەوە، لەم پاڵەوانەتییەدا كۆرتوا خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی پێدرا و هازاردیش دوای لۆكا مۆدریچ بە دووەم باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەكەی دیاری كرا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م